هێزی دەریایی ئەمه‌ریکا، ڕایگەیاند کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس ئێس جیراڵد ئاڕ فۆرد) کە بەشداریی لە هێرشەکانی سەر ئێراندا کردووە، دوای وەستانی بۆ ماوه‌ى پێنج ڕۆژ له‌ نزیك كرواتیا، ناوچه‌كه‌ى  بەجێهێشت.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بڕیارە گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهان دوای جێگیربوونی لە بەندەری سپلیتی کرواتیا، جارێکی دیکە پەیوەندی بە شەڕی دژی ئێران بکاتەوە.

هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاند، کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە کە ماوەیەکە کێشەی هەبووە، چاکسازییەکانی تەواو کردووە و “ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەی لە خزمەتی ئامانجە نیشتمانییەکان لە هەر ناوچەیەکدا”.

کەشتییە هەڵگرەکە کە پێش دەستپێکردنی شەڕی ئەمه‌ریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتدا له‌ دەریای ناوەڕاست جێگیر کرابوو، ئەم هەفتەیە گەڕایەوە بۆ بنکەیەکی دەریایی لە دوورگەی کریت دوای ئەوەی لە 12ی 3ى 2026 ئاگر لەنیه‌شێكی کەوتەوە.