سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ، پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و هەردوولا سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و قەتەڕ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/4/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ، پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و قەتەڕ و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
هەردوولا سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و قەتەڕ، هەروەها نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە بەرانبەر پەرەسەندنی شەڕ و گرژییەکان لە ناوچەکە دەربڕی، جەختیشیان لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەوەی میلیشیا و گرووپە لەیاسادەرچووەکان، مایەی هەڕەشە و مەترسین و پێویستە حکوومەتی عێراق کۆنترۆڵیان بکات.
سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ, جەختی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە، ئاماژەی بەوەش دا کە دەبێ هەڕەشە و مەترسییەکانیش لەبەرچاو بگیرێن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، هاوسۆزیی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ خەڵکی قەتەڕ دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت و سەرۆک وەزیرانی قەتەڕ هەروەها کۆک بوون لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هاوئاهەنگی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگاری و ئاستەنگەکان.