ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگترین پرسە سیاسی و نیشتمانییەکان کرا، سەرۆککۆمار جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە، بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پشتگیریکردنی پرۆسەی سیاسی لە رێگەی دیالۆگی بونیادنەر و هاوبەشی نیشتمانییەوە.
سەرۆککۆمار ئاماژەی بە پێویستی فراوانکردنی چوارچێوەی هاوکارییەکان کرد لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا، بە جۆرێک کە لەسەر بنەمای دەستوور بێت و هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی دۆسیە هاوبەشەکاندا بپارێزێت.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، باس لە پەرەسەندنە ناوچەییەکان و کاریگەرییان لەسەر عێراق کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ کە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی وڵات بکات و ئاسایش و سەقامگیری عێراق لە ناوەڕاستی تەحەددییەکاندا بپارێزێت.