پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە چوار جار بە درۆن هێرشکراوەتە سەر کۆگایەکی ڕۆنی ئۆتۆمبێل، زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی لە کۆگاکە داوە، پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوەدەدات لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی، فەرمان دراوە کە لە شوێنی ڕووداوەکە دووربکەونەوە.

 چوار هێرشە درۆنییەکە بۆ کارگەیەکی ڕۆنی ئۆتۆمبێل بووە، هێرشی یەکەم بۆ سەر کۆگاکە لە کاتژمێر 7:30ـی بەیانی ئەنجامدراوە و دەستبەجێ تیمەکانی بەرگری شارستانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە گەیشتوونەتە شوێنەکە، بەڵام لە کاتێکدا تیمەکان سەرقاڵی کارەکانیان بوون، لە کاتژمێر 8:40 خولەکدا درۆنی دووەم هەمان شوێنی پێکاوەتەوە. ئەم هێرشانە نەوەستان و لە کاتژمێر 10:20ی پێشنیوەڕۆدا بۆ جاری سێیەم درۆنێکی دیکە لە شوێنی ئاگرەکەیداوە، هێزە ئەمنییەکان توانییان درۆنێکی چوارەم پێش پێکانی ئامانجەکەی لە ئاسماندا بتەقێننەوە.

  ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەهۆی دووبارەبوونەوەی بۆردومانەکان و لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی، فەرمان دراوە کە لە شوێنی ڕووداوەکە دووربکەونەوە، چونکە سێ جار بۆردومانکردنی یەک لە دوای یەک و گەورەیی ئاگرەکە وایکردووە هیچ شتێک لەناو کۆگاکەدا نەماوەتەوە کە نەسووتابێت، بۆیە لە ئێستادا تیمەکان تەنها چاوەڕێ دەکەن تا ئاگرەکە خۆی بکوژێتەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەمە لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی توانی زیاتر لە 20 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر هەولێر و سیستمی بەرگری لە ئاسمانی شارەکە هێرشەکانی پووچەڵ کردەوە.