مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا، بە توندترین شێوە سەركۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک كرد و ڕایگەیاند: “داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دەکەین، بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و کارى جددى بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشە بێ پاساوانەی دەکرێنە سەر کوردستان بكەن.”

ئەمڕۆ شەممە 28ـی 3ـی 2026، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، كە بەتوندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزاری ئەو هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە دەکەن، کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک.

ئەمەی خوارەوە، دەقی ڕاگەیاندراوێكی مەكتەبی سیاسیی پارتییە: 

بەتوندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزاری ئەو هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە دەکەین، کە کرایە سەر ماڵی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک

ئەم بە ئامانجگرتنەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و هەوڵ و هەنگاوەکانی بەڕێزیانە بۆ ئاشتی و پێکەوەیی لە پێناو دەربازکردنی هەریمی کوردستان و عێڕاق لەو گرژی و ئاڵۆزیانەی ناوچەکە و هەوڵێکی نەزۆکیشن بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ڕاکێشانی بۆ نێو ململانێ.

لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە هەرێمی کوردستان لەم جەنگ و ململانێیانەی، کە لە ناوچەکەدا هەیە بێلایەنە و نایەوێت ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان. هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیریی سیاسی بووە و پێویستە هەموو لایەک ڕێز لەو بێلایەنییە بگرن.

داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و کارى جدى بکەن بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشە بێ پاساوانەی دەکرێنە سەر پێگە فەرمی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتیی سیاسی و ئاسایشی هاووڵاتییانی کوردستان هێڵی سوورە.

ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ پێکەوەژیان و گەشەپێدان زۆر لەوە بەهێزترە بەم جۆرە فشارە شەڕانگێزیانە تێکبدرێت.

مەکتەبی سیاسیی

پارتی دیموکراتی کوردستان

28ـی ئاداری 2026