دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی تووند دەکاتە سەر دانوستاندنکارانی ئێران و دەڵێت، تاران بۆ رێککەوتن “دەپاڕێتەوە”، بەڵام لە راگەیاندنەکاندا پێچەوانەکەی نیشان دەدات. ترەمپ هۆشداریشی دا کە ئەگەر بە زوویی پێشنیازەکەی واشنتن پەسند نەکەن، “رێگەی گەڕانەوە نامێنێت و دەرەنجامەکەشی باش نابێت.”

رۆژی پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی نوێدا لەبارەی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران لە تروس سۆشیەڵ رایگەیاند: “دانوستاندنکارانی ئێران زۆر جیاواز و سەیرن؛ ئەوان بۆ واژۆکردنی رێککەوتن لێمان دەپاڕێنەوە، کە دەبێت هەرواش بکەن، چونکە لەڕووی سەربازییەوە تێکشکێندراون و چانسی گەڕانەوەیان نییە.”

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئێرانییەکان دەڵێن، “تەنیا سەیری پێشنیازەکە دەکەین”، بەڵام ترەمپ دەڵێت “ئەمە هەڵەیە” و دەشڵێت: “باشترە بە زوویی جیددی بن، پێش ئەوەی کات بەسەربچێت، چونکە کاتێک ئەوە روویدا، ئیدی رێگەی گەڕانەوە نییە و ئەوەش جوان نابێت.”