کاروان محەمەد سینۆ

سەرەتا..
بەر لەوەی ئەم گوتارە بنووسم…
زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوا و بێ پاساوە دەکەم، کە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ـی ئاداری ٢٠٢٦، کرایە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بە داخەوە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی دڵسۆز و قارەمان. لێرەدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی سەربەرزی ئەو هێڕشە ناڕەوایە دەكەم و خۆمان بە هاوبەشی خەمی ئەوان دەزانین و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین.
(وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُمْ مُصِيبَةٌ قَالُوا إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ)

ترس و نیگەرانی ئێران..!
لەکاتێکدا واشنتۆن ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوە چارەنووسسازەکەی کە لەوانەیە ڕۆژی پێنجشەممە لە ئیسلام ئاباد ئەنجام بدرێت، تاران بە گومانێکی قووڵەوە لەم دەستپێشخەریەی دۆناڵد ترەمپ دەڕوانێت و پێی وایە “ئەم ماستە مووێکی تێدایە”. لەم بۆچوونەیدا تاران ناهەق نییە؟!، لەبەر ئەوەی لە گەڕکانی پێشووی دانوستانەکانی تڕەمپ لەگەڵ تاران؛ هەموو جارێک ترامپ (گۆبەندیکی) بۆ ئێڕان ناوەتەوە، هەر ئەمەشە وایکردووە کە بەرپرسانی ئێران لەوە بەترسن کە ئەم “بانگەشەی ئاشتییە” تەنها تەڵەیەک بێت بۆ هێرشێکی وێرانکەرتری ئەمریکا و ئیسرائیل.
لەم (سەین و بەینەی) نێوان ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیل، ئەوەی روون و ئاشکرایە ئەوەیە؛ لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم پڕۆژەیەکی ١٥ خاڵیدایە کە لەوانەیە ببیتە سەرەتای ئاشتی بۆ دەڤەرەکە و ئێڕانیش ببێتە (تەیرێکی مەعقول) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یان دەبێ ئێران “ناچار” بڕیاری خۆبەدەستەوەدان ئیمزا بکات و هەرچی هەیەتی و پەیدای کردووە؛ لە دەست بدات.
لەکاتێکدا واشنتۆن گوشار دەکات بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران، سەرچاوەیەک لە ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” بڵاویکردەوە؛ کە بەرپرسانی ئێران پەیامێکی ڕاشکاوانەیان گەیاندووەتە وڵاتانی نێوەندگیر: “ئێمە پێشتر دووجار لەلایەن (ترەمپ)ـەوە فێڵمان لێ کراوە، نامانەوێت بۆ جاری سێیەمیش فێڵمان لێ بکرێتەوە”. ئەمە دەقی ئەو نیگەرانییانەیە کە بەرپرسانی باڵای تاران بە نێوەندگیرەکانیان (پاکستان، میسر و تورکیا) ڕاگەیاندووە.

دانوستان لەژێر گوشار و هەڕەشەدا
ئەمریکا هەوڵ دەدات!! ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، مێزی دانوستانێکی ڕاستەوخۆ ئەنجام بدریت. بەڵام مێژووی دوو خولی پێشووی دانوستانەکانی (ترەمپ) تارانی ترساندووە، لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا(2025)، تەنها چەند ڕۆژێک پێش دەسپێکی دانوستانە ئەتۆمییەکان، ئیسرائیل بە ڕاوێژ و ڕەزامەندی (ترەمپ) هێرشێکی توندی کردە سەر ئێران. سێ هەفتە لەمەوبەریش (28ی شوباتی 2026)، کاتێک هەردوولا لە جنێڤ گەیشتنە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی، تەنها دوو ڕۆژ دواتر ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی چڕیان کردەوە سەر ئێران.
ئەم “ڕەفتارانەی تڕەمپ” وای کردووە تاران جووڵە سەربازییەکانی ئێستای ئەمریکا بە ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە (2500سەربازی مارینز و یەکەی 31ی مارینز)، نەک وەک ئامادەکاری بۆ ئاشتی، بەڵکو وەک “تەڵەیەک” بۆ هێرشێکی نوێ ببێنێت.
ڕاوێژکارێکی ترەمپ دۆخەکە بە کورتی دەخاتە ڕوو و دەڵێت: “ترەمپ دەستێکی بۆ ڕێککەوتن کراوەیە، بەڵام دەستەکەی تری مستێکی ئامادەیە بۆ وەشاندن لە دەموچاو” ئەمە ستراتیژییەتێکی (ترەمپ)ـە کە تاران بە “دانوستان لە پێگەی هێزەوە” ناو دەبات و لێی نیگەرانە.

لەم گەڕەی دانوستان “خەڵات” و “تەڵە” و “گومان” تێکەڵ بوونە
ڕۆژی سێشەممە24ی ئادار، ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئێرانییەکان “خەڵاتێکی گەورە”یان بۆ ناردووە کە بڕە پارەیەکی خەیاڵی دەهێنێت. هەرچەندە وردەکارییەکەی باس نەکرد، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵاتەکە پەیوەندی بە “نەوت، گاز و جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز”ەوە هەیە. ترەمپ ئەمەی وەک بەڵگەیەک هێنایەوە کە ئەوان لەگەڵ “کەسانێکی گونجاو” لە تاران خەریکی گفتوگۆن
.
بژاردەی جەنگ هێشتا لەسەر مێزە
بەڵام ڕاستییەکان لە پنتاگۆن بە جۆرێکی ترن. سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، هیچ گۆڕانکارییەک لە فەرمانە سەربازییەکانی فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم)نەبووە. بڕیارە هەزاران سەرباز و چەندین فڕۆکەی جەنگیی نوێ لەم چەند ڕۆژەدا بگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پێتی هیگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕاشکاوانە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: “ئێمە بە بۆمب دانوستان دەکەین.”
پڕۆژە ١٥ خاڵییەکە: یان هەموو شتێک یان هیچ؟!
ئێران پڕۆژە ڕێککەوتنێکی ١٥ خاڵیی لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێگەیشتووە. ئەمریکا دەیەوێت ئەم پڕۆژەیە وەک یەک “پاکێج” باس بکات کە ئەمانەی لەخۆ دەگرێت:
* کۆتاییهێنان بە جەنگ.
* کردنەوەی تەنگەی هورمز.
* هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان.
* گەرەنتی لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکان، پڕۆژەی مووشەکی و گرووپە وەلائییەکانی ئێران.
پێدەچێ لە ئێستادا پێشەنگی هەوڵ و کارەکانی تاران “ڕاگرتنی بۆردومانەکان و ئاگربەستە بێت بەهەر نرخێک، لە بەرامبەردا ئەمریکا دەیەوێت بزانێت ئایا تاران ئامادەیە ئەو سازشانە بکات کە لە ڕابردوودا ڕەتی کردوونەتەوە؟.
مێژووی خوێناوی و پڕ لە فێڵ و تەڵەی دانوستانەکانی ڕابردوو، هەورێکی تاریکی بەسەر مێزی گفتەگۆی دانوستانەکانی ڕۆژی پێجشەممە لە (ئیسلام ئابادی پاکستان) دا کێشاوە (ئەگەر دانوستانەک ئەنجام درا، چونکە تاکو نووسینی ئەم گوتارە کات و شوێنی دانوستانەکە بەفەرمی ڕانەگەینراوە).
لێرەدا پرسەکە ئەوەیە ئایا ئەم دانوستانە (ئەگەر ئەنجام درا) دەبێتە دەستپێکی کۆتایی جەنگ، یان ئامادەکارییە بۆ هێرشێکی گەورەتر؟.