کاروان محەمەد سینۆ

لە نێوان هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی وزە و یاری گۆڵف و گەشت و سەردانیکردنی ماڵی “ئێلڤیس پریسلی”؛ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، هەروەک (پیشەی ڕابردووی)! جارێکی تر جیهانی خستەوە لەبەردەم تەمومژ و ئاڵۆزی دیپلۆماسی.
لە کاتێکدا (کاتی نووسینی ئەم گوتارە) ترەمپ لە ڕووی (بەردەوامبوون و وەستانی جەنگ) باس لە “پێشڤەچوونی گەورە” دەکات، بەڵام ئێران بە تووندی سەرجەم ئەو هەواڵانەی ترەمپ ڕەت دەکاتەوە و بە “هەواڵی چەواشەکار” ناویان دەبات.

لە جەنگەوە بۆ گۆڵف بۆ گەشت و گەڕان!

چالاکییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ترەمپ؛ تێکەڵەیەک بووە لە دیپلۆماسییەت و سەرقاڵکردنی جیهان. ڕۆژی هەینی ڕابردوو ٢٠ی ئادار؛ ترەمپ ڕایگەیاند کە جەنگی ئەمریکا دژی ئێران بەرەو “هێوربوونەوە” دەچێت. بەڵام شەوی شەممە ٢١ی ئادار، کتوپڕ مۆڵەتێکی ٤٨ کاتژمێری دایە ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی وێرانکردنی وێستگەکانی کارەبای ئێرانی کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ئادار؛ ترەمپ خەریکی یاری گۆڵف بوو، بەڵام بەیانی دووشەممە ٢٣ی ئادار؛ ڕایگەیاند کە ئێرانییەکان سەرقاڵی گفتوگۆی “بنیاتنەرن” لەگەڵ واشنتۆن. هەر لەو ڕۆژەدا (گوایە)! بۆ گەشت و گوزارە؛ ترەمپ سەردانی “گرەیسلاند”ی کرد، کە ماڵی ئەفسانەی مۆسیقا (ئێلڤیس پریسلی)یە و واژۆی لەسەر وێنەیەکی (کۆپییەکی) یەکێک لە گیتارەکانی ئێڵڤیس پریسلی کرد. ئەم جووڵە و ڕەفتار و گوفتارانەی دۆناڵد ترەمپ لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، بووە هۆکاری تێکچوون و ناسەقامگیری هاوسەنگی بازاڕەکانی جیهان؛ و سەرەتا نرخی نەوت دابەزی، بەڵام دواتر جارێکی دیکە بەرزبووەوە بۆ سەرووی ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

لە نێو دەنگۆی وەستانی شەڕدا.. کۆشکی سپی دەڵێ “دۆخەکە ناجێگیرە”

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی سەرهەڵدانی دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، لەم نێوەندەدا، دەنگۆی ئەوە هەبوو کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ جەرید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف سەردانی ئیسلام ئاباد بکەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، بەڵام واشنتۆن ئەمەی پشتڕاست نەکردەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کۆشکی سپی هەوڵی دا ئەو دەنگۆیانە هێور بکاتەوە کە باس لە کۆبوونەوەی نزیکی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ. کارۆلین لیڤیت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی، ڕایگەیاند: “ئەمانە گفتوگۆی دیپلۆماسی هەستیارن و ئەمریکا لە ڕێگەی میدیاوە دانوستان ناکات.” ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆخەکە “ناجێگیرە و نابێت هیچ پێشبینییەک بە کۆتایی دابنرێت تا بە فەرمی ڕانەگەیەنرێت.”

تاران لە نێوان ڕەتکردنەوە و بێدەنگیدا

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بە تووندی هەواڵی دانوستانی ڕاستەوخۆی ڕەت کردەوە و وتی: “خەڵکی ئێمە داوای سزای شەرمەزارکەرانەی دەستدرێژکاران دەکەن.” سوپای پاسدارانیش لێدوانەکانی ترەمپی بە “ئۆپەراسیۆنی دەروونی” ناو برد. بەڵام ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دەرگایەکی بچووکی بە کراوەیی هێشتەوە و وتی: “پەیاممان لە ڕێگەی وڵاتانی دۆستەوە پێگەیشتووە کە ئەمریکا داوای دانوستان دەکات.” هەروەها کەناڵی CBS بڵاویکردەوە کە تاران “چەند داخوازییەکی ئەمریکی” لەلایەن نێوەندگیرەکانەوە پێگەیشتووە و خەریکی پێداچوونەوەیانە.

داخوازییەکانی ترەمپ بۆ ڕێککەوتنە یان خۆبەدەستەوەدانی ئێران؟

لە دوایین لێدوانیدا؛ ترەمپ باس لە پڕۆژەی ڕێککەوتنێکی ١٥ خاڵی دەکات کە هاوشێوەی ڕێککەوتنەکانی غەززە و ئۆکرانیایە. خاڵە سەرەکییەکان بریتین لە:
1. کۆنترۆڵی هاوبەشی تەنگەی هورمز لە نێوان ئەمریکا و ئێران.
2. قەدەغەکردنی تەواوەتی چەکی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم.
3. کەمکردنەوەی توانای مووشەکی ئێران.
4. ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.
دەتوانین بڵێین.. وازهێنان لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئێران، هێڵی سوورە و قبووڵکردنی ئەم مەرجانە بە واتای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دێت لە ستراتیژییەتی ئێراندا.

زیانی مرۆیی جەنگ و کاردانەوەی نێودەوڵەتی

لە کاتێکدا دیپلۆماسی لە پشت پەردەکانەوە بەردەوامە، لە هەمان کاتدا جەنگیش بەردەوامە. بە شێوەیەکی گشتی ژمارەی کوژراوان لە ئێران، لوبنان و ئیسرائیل بۆ زیاتر لە ٤,٣٠٠ کەس بەرزبووەوە. لە لوبنان ١,٠٣٩ کەس کوژراون و لە ئێرانیش ٣,٢٦٨ کەس، کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن.
کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور، بە تووندی سەرکۆنەی “دەستدرێژییەکانی ئەمریکا”ی کرد لەم جەنگەدا. کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، جەختیان لە گرنگی چارەسەری دیپلۆماسی کردەوە بۆ ڕێگری لە داڕمانی بازاڕی وزەی جیهانی.

پێنج ڕۆژی چارەنووسساز

ترەمپ بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ هێرشە سه‌ربازییه‌كانی دواخستووە. گومانەکان لەوەدایە کە ئایا ئەمە دەستپێکی ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینەیە، یان تەنها تاکتیکێکی (ترەمپ)!ـە بۆ خۆدزینەوە لەو بنبەستەی کە (مۆڵەتە ٤٨ کاتژمێرییەکە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز) بۆی دروست کردووە. چونکە لە لێدوانێکیدا ترەمپ بە ڕوونی گوتوویەتی: “ئەگەر ڕێککەوتن نەبێت، ئێمە تەنها بەردەوام دەبین لە بۆردومانکردن.”
ئێستا چاوەکان لەسەر ئیسلام ئاباد و مەسقەتن، تا بزانرێت ئایا نێوەندگیرەکان دەتوانن ڕێگری لە شەڕ و تەقینەوەی گەورەی ناوچەکە بکەن، یان پێنج ڕۆژەکەی ترەمپ دەبێتە دوایین ئاماژەی ئاشتی پێش “وێرانکردنی” ژێرخانی وزەی ئێران.. هەروەکو ترەمپ دەڵێت.