پەری عومەر خەیلانی
هەولێر
لە کاتێکدا ئاسمانی ناوچەکە بە دووکەڵی درۆن و هەڕەشەی نەیاران تەنراوە، و لەو ساتەدا کە گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە لوتکە، داگیرساندنی ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵاتی هەولێر تەنها مەراسمێکی ساڵانە نەبوو؛ بەڵکو نمایشێکی سیاسی و نەتەوەیی بوو کە چەندین زاویەی گرنگی لەخۆ گرتبوو.
لەوانە:
زاویەی زنجیرەی یەکگرتوویی سێ نەوە: کە هێمای بەردەوامیدانە بە ویستی ڕێبازی کوردایەتی بارزانی نەمر جەنەڕاڵ ( مەلا مستەفا بارزانی١٩٠٣-١٩٧٩) ئەو یەکگرتووییەش ئەمڕۆ لە ئامادەبوونی (سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی، و ئارین بارزانی) پێکەوە، پەیامێکی ڕوونە بۆ دۆست و دوژمن کە “ڕێبازی کوردایەتی” پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە گوشارە دەرەکییەکان ناتوانن درز بخەنە ناو بنەماکانی ئەم خەباتە کوردایەتییە، و ئایندەی ئەم ڕێگەیە بە نەوەی نوێ سپێردراوە.
هەروەها زاویەی بوێری لەناو مەترسییەکی چڕدا :
لە کاتێکدا هەندێک پێیان وابوو نالەباری ئەمنی و هێرشە بەردەوامەکان ڕەنگە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی جۆش و خڕۆشی نەورۆز، بەڵام چوونە سەر قەڵات و داگیرساندنی ئاگرەکە نیشانەی جۆرێک لە تەحەدیی بوو. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئیرادەی سیاسی کورد لەسەروو ترس لە درۆنە و وتەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی بەتەواوەتی هاوپێچ بوو لەگەڵ کرداری ئەمڕۆ کە بەڵێ ( دەنگی تەقە بۆ ئەو مۆسیقایە) ئەو مۆسیقابوونەش بۆ نەوەکانی دەبن بە بنەمای بوێریی خۆڕاگریی و بەردەوامی.
دواجاریش زاویەی نەورۆز وەک کارتی گوشار و ناسنامە:
ئەگەرچی ئێراق لە ڕێگەی بڕینی مووچە و بودجەوە دەیەوێت گوشار لە پارتی و حکومەتی هەرێم بکات، بەڵام ئەم ئاگرە بۆ ئەوانی نەیار وەبیرهێنانەوەیەک بوو کە مافە نەتەوەییەکان مامەڵەیان پێوە ناکرێت. کورد هەمیشە لەژێر هێرش و گەمارۆدا بووە، بەڵام وەک چۆن ئاگری نەورۆز خامۆش نەبووە، داواکارییە ڕەواکانیش بۆ مووچە و بژێوی خەڵک وەک مافێکی سەرەکی دەمێننەوە و هیچ کات چاوپۆشی لێ ناکرێت.
لەکۆتاییشدا هەموومان ئەمڕۆ تێگەییشتین قەڵاتی هەولێر تەنها شوێنێکی مێژوویی نەبوو، بەڵکو سەکۆیەک بوو بۆ نیشاندانی خۆڕاگری و بەردەوامی. هەروەها داگیرساندنی ئاگرەکە لەلایەن سێ نەوەی بارزانییەوە، پەیامێکی توندی “نەخێر” بوو بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی کە دەیانەوێت قەوارەی هەرێم لاواز بکەن. ئەمە دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییە بوو کە: تاریکی هەرچەندە درێژ بێت، ئاگری نەورۆز هەر دەگەشێتەوە!