سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكیدا، ڕایگەیاند، كە بڕیاریانداوە، نەوت لە ڕێگەی بۆریی كوردستانەوە بڕوات، هاوكات جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغداش دەكاتەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) پەیامێكی لەبارەی هەناردەكردنی نەوت بە بۆریی كوردستان بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: “بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نائاساییەی کە ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە و ئەو بەرپرسیارێتییەی کە ئەرکی هەموومانە کار بکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بڕیارمان دا کە لە زووترین کاتدا، ڕێگە بدەین نەوت لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستاندا بڕوات.”
هاوکات سەرۆكی حكوومەت دەشڵێ: “لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیش گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بەپەلە ئەو ڕێگرییانەی خراوەتە سەر هاوردە و جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێن، هەروەها دابینکردنی گەرەنتی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز تا بتوانن بە سەلامەتی دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە.”
هەروەها نووسیویەتیشی: “سوپاس و پێزانینم بۆ هاوبەشە ئەمریکییەکانمان هەیە بۆ ڕۆڵ و پاڵپشتییان لەم پرۆسەیەدا.”