وەزارەتی کاروبارى پێشمەرگە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە: ئەمڕۆ لە چەند کەناڵ و پەیجێکی ڕاگەیاندندا، هەواڵێکی ناڕاست بڵاو کراوەتەوە کە گوایە هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین.

دەشڵێ: ​تەواوی ئەم دەنگۆ و هەواڵانە بەتوندی ڕەت دەکەینەوە. ڕایدەگەیەنین کە هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەکەدا هەن، پێشمەرگە بەشداریی هیچ جۆرە کردەیەکی سەربازیی دژ بە هیچ لایەنێک نەکردووە.

ئەوەش هاتووە: ئەرکی سەرەکیی هێزەکانمان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە و پابەندین بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە گەڵ هێزە ئەمنییە عێراقییەکاندا.