شێخ ستار عەواڵانی
ڕاپەڕینی مەزنی بەهاری ١٩٩١، تەنها کاردانەوەیەکی نەبوو بەرامبەر بە زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس، بەڵکو وەرچەرخانێکی بنەڕەتی و ستراتیژی بوو لە شێواز و دیدگەی سیاسیی مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا. ئەم ڕووداوە مێژووییە کۆتایی بە قۆناغی درێژخایەنی شۆڕشی شاخ هێنا و بووە بەردی بناغەی شەرعییەتی دامەزراوەیی و بونیادنانی قەوارەیەکی سیاسیی نیمچە-سەربەخۆ لە ناو جەرگەی ناوچەیەکی پڕ ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە روانگەیەکی- سیاسییەوە، ڕاپەڕین لە کاتێکی زۆر هەستیاردا ڕوویدا، ڕێک لەو سەردەمەی کە سیستەمی دوو جەمسەریی جیهانی خەریکی داڕمان بوو و گۆڕانکارییە جیهانییەکان لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ڕادەگەیەندرا، شکستی سوپای عێراق لە جەنگی دووەمی کەنداو بۆشاییەکی ئەمنی گەورەی دروستکرد و کوردیش توانی بە ژیرییەکی سیاسیی قووڵەوە ئەو دەرفەتە مێژووییە بقۆزێتەوە.
گرنگیی ئەم ڕاپەڕینە تەنها لە ڕەهەندە ناوخۆییەکەیدا کورت نەدەبووەوە، بەڵکو پەیوەست بوو بە بڕیاری 688 ساڵی 1991ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دروستکردنی ناوچەی پارێزراو، کە تێیدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پرسی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ خرایە پێش پرسی سەروەریی دەوڵەت، ئەمەش شەرعییەتێکی نێودەوڵەتیی بێوێنەی بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەخشی. لە ڕووی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە، ڕاپەڕین تەقینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی بوو دوای ساڵانێکی درێژ لە ئەنفال و کۆمەڵکوژی، تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم ڕووداوە گواستنەوەی سەنتەری بڕیار بوو لە شاخەوە بۆ ناو جەرگەی شارەکان، بە جۆرێک کە یەکگرتنی هێزە چەکدارەکانی ناوخۆ و جەماوەری خەڵک بووە هۆی داڕمانی کۆڵەگەکانی دەسەڵاتی بەغدا لە کوردستاندا.
یەکێکی تر لە گرنگییە هەرە دیارەکانی ڕاپەڕین، گواستنەوەی دەسەڵات بوو لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە بۆ شەرعییەتی یاسایی و دەستووری، کە ئەنجامەکەی لە دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم لە 19 ئایاری 1992 ڕەنگی دایەوە. ئەمە وایکرد هەرێمی کوردستان لە کایە سیاسییەکاندا وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی کارەکتەری سیاسیی گرنگ بناسرێت، کە سەرەڕای نەبوونی دانپێدانانی فەرمی وەک دەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵام توانیویەتی خاوەنی خاک و دەسەڵات و سوپا بێت و گرێبەستی وزە و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان واژۆ بکات و پەیوەندیی دیپلۆماسیی سەربەخۆ لەگەڵ پایتەختە بڕیاربەدەستەکان دروست بکات.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ڕاپەڕین دووبارە پێناسەکردنەوەی تاکی کورد بوو وەک خاوەن ماف و ئیرادە، گەورەبوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ئەم هەرێمە بەرهەمی ئەو هاوسەنگییەیە، کە لە نێوان خەباتی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دروست کراوە. پاراستنی ئەم قەوارەیە لە ئێستادا پێویستی بە تێپەڕاندنی ململانێی حزبی و هەنگاونان بەرەو قۆناغی نیشتمانسازیی ڕاستەقینە هەیە، تا بتوانێت لە بەرامبەر گۆڕانکارییە سیاسیی و جوگرافییە نوێیەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا بە جێگیری بمێنێتەوە و ببێتە زامنی دواڕۆژێکی گەشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.