ئەمڕۆ چوارشەممە 25/2/2026، له‌ کۆبوونەوەی  ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدرا لێخۆشبوونی %20ـی سزاکانی سەرپێچیی هاتوچۆ تاوەکوو 30 حوزەیرانی 2026 درێژ بكرێته‌وه‌ و له‌ حكوومه‌تی داهاتووی عێراقیش داوای بودجه‌ی دیاریكراو ده‌كرێت.

پێشەوا هەورامانی گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: “لە 23ـی ئەم مانگەوە نووسراوی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشوومان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە.”

ڕاشیگه‌یاند، یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، پەیوەست بوو بە چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەمەش شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە روونی کردەوە، چاکسازییەکان هەنگاوی باشی بڕیوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر رەوتێکی دروست قۆناخەکانی دەبڕێت، لەلایەن خۆیەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات.

پێشەوا هەورامانی لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، گوتی: “لەگەڵ حکوومەتی ئێستای فیدراڵ تەنیا دەتوانین لەبارەی مووچەوە گفتوگۆ بکەین، بەڵام لە داهاتوودا حکوومەتی نوێی فیدراڵ پێکبهێنرێت، ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بەشە بودجە و شایستە داراییەکان گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات، چونکە مافی ساڵانەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا 22 ترلیۆن دینارە، دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ، ئێمە داوای ئەم مافە داراییەی هەرێمی کوردستان دەکەین، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان ساڵانە تەنیا بۆ پێدانی مووچە پێویستی بە 14 ترلیۆن دینارە.