خهبات – حەمید سوورچی:- میدیاكار ئاسیا لوقمان شاكر لە ساڵی 2001 لە پارێزگای موسڵ لە دایكبووە و نیشتەجێی قەزای ئاكرێیە، خوێندنی لە هەوڵێر تەواو كردووە و دەرچووی بەشی تەكنۆلۆژیا و زانیارییە، لە ڕادیۆی ئاكرێ و گۆڤاری ڕۆژامە كاردەكات، خاوەن بڕوانامەی باوەڕپێكراوی ئەمریكیە لە بواری گەشەپێدانی گەنجان، ماوەی چوار ساڵ لەم بوارەدا كاری ڕاهێنەری كردووە، شارەزایی تەواوی لە زمانی عەرەبی هەیە، زمانی ئینگلیزی و توركی دەزانێت و تاڕادەیەكیش فارسی، كاری وەرگێڕانی كردووە و لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانیش كاری كردووە، لەم دیدارەی لە گەڵ ڕۆژنامەی خەبات ڕۆشنایی دەخاتەسەر چۆنیەتی ئاشنابوونی و هاتنی بۆ نێو كاری ڕاگەیاندن، هەروا باس لە ئاستەنگەكانی بەردەم ئافرەتی ڕاگەیاندنكار دەكات.
*چۆن لەگەڵ جیهانی ڕاگەیاندن ئاشنا بوویت؟
ــ هەر لە مناڵییەوە حەز و خولیام بۆ ڕاگەیاندن هەبووە، حەزم لە مایك و كامێرا و قسەكردن بووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر خوێندنەوەی كتێب. باوەڕم بەخۆم هەبووە لەم كارەدا، تا ئەوەیكە توانیم ئەو خەونەم بێنمەدی، لەگەڵ ڕێكخراوی نێودەوڵەتی و هەروەها كەناڵی ناوخۆییشدا كارم كردووە وەكو ڕادیۆی ئاكرێ و گۆڤارا ڕۆژامە.
* ئەو ژینگە كۆمەڵایەتیی و خێزانییەی كە تیایدا ژیاویت تاچەند هاوكار و هاندەرت بووە؟
ــ یەكەمجار زۆر بۆم قورس بوو تاوەكو ماڵ و خێزانم ڕەزامەند بن كچەكەیان لەم بوارەدا كاربكات، بە تایبەت من كچی نێو عەشیرەتێك بووم، توانیم هەندێك لەو زنجیرانە بشكێنم كە زۆركەس نەیانتوانیوە بیكەن، دایكم هاندەرم بووە، خۆشم سووربووم لە سەر كاركردن لەم بوارەدا و زۆر شتیشم كردە قوربانی.
* ڕۆڵی ئافرەت لە بواری ڕاگەیاندندا لە چی ئاستێكدایە و چۆنی هەڵدەسەنگێنی؟
ــ ئافرەت ڕۆڵی خۆی لە هەموو كارێكدا دەبینێت نەوەك تەنها لە ڕاگەیاندندا، بەڵام لە كۆمەڵگەی ئێمە بە تایبەت لە شارەكەی من ئافرت زۆری ماوە بێتە نێو گۆڕەپانی ڕاگەیاندن، لەبەر هەندێك هۆكار خەڵك بە هەڵە لە ڕاگەیاندن تێگەیشتوون ئەوەش هۆكاری سەرەكییە كە ئافرەت ڕۆڵی خۆی نەبینێت لە بواری ڕاگەیاندندا.
* لە كوردستان ئاستەنگەكانی بەردەم ئافرەتانی ڕاگەیاندنكار چین؟
ــ ئاستەنگ زۆرن لە كۆمەڵگەیەك بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە جیاوازی هەیە، بۆ نموونە ئافرت ناتوانێت بڕواتە هەموو شوینێك، زۆرجار ڕۆڵی پێنادەن زۆر كچ و ئافرت هەن حەزیان لەم كارەیە، بەڵام خێزانی ڕێی پێنادات ئەمەش دەبێتە هۆی بەدینەهێنانی خەونەكانیان، جگە لە دەستدرێژی كە ئەوەش كاریگەریی خۆی هەیە و ئاستەنگە بۆ ئافرەتان، دەمەوێت بڵێم ڕاگەیاندن ئەركێكی گرانە.