ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، سەردانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتییەکەی کرد و لەلایەن سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت پێشوازیی لێ کرا.

جێگری سەرۆکی پارتی لە وتەیەکدا و بە بۆنەی 73مین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکە، پیرۆزباییەکی گەرمی لە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و گشت ئەندامانی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە، هەمیشە سەلماندوویانە کەرەستەی گەورەی پارتین و ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە، مەڵبەندێک بووە بۆ پێگەیاندنی زۆربەی سەرکردەکانی پارتی و ڕۆڵێکی کاریگەریی هەبووە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.

جێگری سەرۆکی پارتی هەروەها گوتی: “هیواداراین لە سەردەمی ئێستاشدا، یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵی کاریگەریی هەبێت لە پێگەیاندنی گەنجەکانمان و پەرەپێدانی هوشیاریی نەتەوەیی و هزری نیشتمانپەروەری لە نێو لاوان و قوتابیانی کوردستان.”