وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق 100 کورسی خوێندنی بێ بەرامبەر بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵی خوێندن دابین دەکات. پێویستە خوازیار گشت مەرجەکانى پێدانی مۆڵەتى خوێندنی تێدا بێت و بەڵێننامەش پڕ بکاتەوە داواى گواستنەوە و میواندارى بۆ زانکۆکانى هەرێمی کوردستان ناکات.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند؛ لە چواچێوەى هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراقی فیدراڵ و هەرێمى کوردستان، بۆ ساڵی دووەمە وەزارەتى خوێندنى باڵای عێراق 100 کورسى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا لە ژمارەیەک لە زانکۆکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق بە شێوازى خۆڕایی بۆ پێشکەشکارانی ساڵى خوێندنى 2026-2027ـی هەرێمى کوردستان دابین دەکات.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان سەرجەم پێشکەشکارانى دانەمەرزاو و فەرمانبەرى دامەزراو بەشێوەى هەمیشەیی لەسەر میلاکى دامودەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، پڕۆسەى پێشکەشکردن لە ڕۆژی 3-5-2026 دەستپێدەکات تاوەکو ڕۆژی 11-6-2026 بەردەوام دەبێت.
پێشکەشکردنی داواکاری، بەشێوەى پێشکەشکردنى دۆسیەى ڕاستەوخۆ لە زانکۆکان دەبێت، بەپێى نووسراوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراقی فیدراڵ لە کاتى دەرچوون لە تاقیکردنەوەکە، پێشکەشکاران بە تەنها لە نێوان خۆیان کێبڕکێ دەکەن لەسەر کورسیە تەرخانکراوەکانیان.
پێویستە خوازیار گشت مەرجەکانى پێدانی مۆڵەتى خوێندن و پێشکەشکردنى تێدابێت بەپێی پەیڕەوی ژمارە 11ـی ساڵی 2021 و ڕێنمایی ژمارە 5ـی ساڵی 2021ـی مۆڵەتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، خوازیار بەڵێننامە لە بەڕێوەبەرایەتى یاسایی دامەزراوەکەى پڕدەکاتەوە کە داواى گواستنەوە و میواندارى بۆ زانکۆکانى هەرێمی کوردستان ناکات.










