هەر كەسێک لە ڕێی (ئی – پسوولە)ـوە پارەی كارەبا بدات بە ڕێژی لە 20% كەم دەكرێتەوە”
وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند، كە پڕۆژەی ڕووناكیدا، نیوەی ماڵان لەسەر دوایین پسوولەی كارەبا، كەمتر لە 73 هەزار دینارییان بۆ هاتووەتەوە و دەشڵێ: “هەر كەسێک لە ڕێی (ئی – پسوولە)ـوە پارەی كارەبا بدات، ئینجا پارەی ڕووناکی بێت یان قەرزی کۆن، ئەوا ڕێژەی 20%ـی ئەو بڕە پارەیان، لەسەر پسوولەی مانگەکانی داهاتوو کەم دەکرێتەوە.”
ئەمڕۆ یەكشەممە 15ـی 2ـی 2026، وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “لە پڕۆژەی ڕووناکیدا نیوەی ماڵان لەسەر دوایین پسوولەی کارەبا کەمتر لە 73,000 دینارییان بۆ هاتووەتەوە.”
دەشڵێ: “80٪ـی ماڵان لەسەر دوایین پسوولەی کارەبا کەمتر لە 160 هەزار دینارییان بۆ هاتووەتەوە.”
وەزارەتی کارەبا خۆشحاڵە بە ڕاگەیاندنی پاڵپشتی بۆ هاوبەشانی ماڵان و داتای دوایین پسوولەکانی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک نرخەکانی کارەبا نەگۆڕاون. هەر گۆڕانکارییەک کە دەکرێت پێویستە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارە لەوەی بەشێک لە ماڵان بڕی پسوولەی کارەبایان لەم زستانەدا بەرزتر بووە لە مانگەکانی ڕابردوو و ئەمەش وای کردووە بە جددییەوە لەم بابەتە بڕوانێت و ئەو بارگرانییەی کەوتووەتە سەرشانی بەشێک لە هاووڵاتییان هەڵبگرێت.
وەزارەتی كارەبا ئاماژە بەوەش دەكات، كە “وەک پاڵپشتییەک و هاوکارییەک بۆ هاوبەشانی ماڵان، تا ڕێککەوتی 12ی مانگی 3، هەر بڕە پارەیەک کە هاوبەشان لە ڕێگەی سەکۆی “ئی – پسوولە”ـوە بیدەن، ئینجا پارەی ڕووناکی بێت یان قەرزی کۆن، ئەوا ڕێژەی 20%ـی ئەو بڕە پارەیان، لەسەر پسوولەی مانگەکانی داهاتوو کەم دەکرێتەوە.”
ڕوونیشی دەكاتەوە، كە بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ ڕای گشتی، وەزارەتی کارەبا زانیاریی ورد لەسەر دوایین پسوولەی هاوبەشانی ماڵان لە تەواوی کوردستاندا دەخاتە ڕوو وەک لە خوارەوە هاتووە.
زۆربەی هاوبەشانی ماڵان لە سەرانسەری کوردستان لەخوولێکی کارەبا کە تێکڕای ڕۆژەکانی بریتیە لە 45 ڕۆژ کەمتر کارەبا و پارەیان بەکارهێناوە و بۆ گەڕاوەتەوە لە:
*کوردستان:*
– 50% هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لە (73,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە
– بە تێکڕا ( 853 کیلۆوات کاتژمێرییان) بەکارهێناوە
– 80% هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لە (160,000 د.ع ) بۆ گەڕاوەتەوە
– بە تێکڕا ( 1,469 کیلۆوات کاتژمێرییان) بەکارهێناوە
هەولێر:
– هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لە (83,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە.
– بە تێکڕا (958 کیلۆوات کاتژمێرییان) بەکارهێناوە.
– 80% هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لە (177,000 د.ع ) بۆ گەڕاوەتەوە.
– بە تێکڕا (1569 کیلۆوات کاتژمێرییان) بەکارهێناوە.
سلێمانی:
– هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لە (54,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە.
– بە تێکڕا (661 کیلۆوات کاتژمێرییان) بەکارهێناوە.
– 80% هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لە (118,000 د.ع ) بۆ گەڕاوەتەوە.
– بە تێکڕا (1,195 کیلۆوات کاتژمێرییان) بەکارهێناوە.
دهۆک:
– هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لە (102,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە.
– بە تێکڕا (1,061 کیلۆوات کاتژمێرییان) بەکارهێناوە.
– 80% هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لە (224,000 د.ع ) بۆ گەڕاوەتەوە
– بە تێکڕا (1,759 کیلۆوات کاتژمێرییان) بەکارهێناوە.
هەڵەبجە:
– هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لە (42,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە.
– بە تێکڕا (540 کیلۆوات کاتژمێرییان) بەکارهێناوە.
– 80% هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لە (81,000 د.ع) بۆ گەڕاوەتەوە.
– بە تێکڕا (906 کیلۆوات کاتژمێرییان) بەکارهێناوە.
گەڕانەوەی پارەیەکی زۆری پسوولەکانی کارەبا لەم زستانەدا بە گشتی بۆ ئەم دوو هۆکارە دەگەڕێتەوە:
1. تێکڕای خولی پسوولەی کارەبا بەتێکڕا بریتیبوو لە 45 ڕۆژ، خولێکی درێژتری پسوولە ڕەنگدانەوەیە بۆ ماوەی بەکارهێنانی کارەبای زیاتر بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لە نرخەکانی کارەبادا ڕوو بدات. بۆ نموونە، 400 کیلۆوات کاتژمێری یەکەم لە هەر 30 ڕۆژێکدا بە 72 د.ع/کیلۆوات کاتژمێر ئەژماردەکرێت. وە هەروەها، ئەگەر خولی پسوولە درێژ ببێتەوە بۆ 45 ڕۆژ، 72 د.ع/کیلۆوات کاتژمێر بۆ 600 کیلۆوات کاتژمێر ئەژماردەکرێت. لە هەردوو حاڵەتدا هاوبەشانی ماڵان هەر خوارترین ئاستی بەکارهێنانی کارەبایان بۆ ئەژماردەکرێت.
2. بەکارهێنانی زۆری کارەبا، بە دیاریکراوی بەراورد بە وەرزی زستانی ساڵانی پێشووتر. سەرمای نائاسایی لەم زستانەدا وایکرد خەڵک زیاتر پشت ببەستێت بە گەرمکەرەوە کارەباییەکان. وە هەروەها، یەکەم زستان بوو کە زۆربەی هاوبەشانی ماڵان خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری بوون، و پێویستییان بە کاتی زیاترە بۆ ئەوەی لەگەڵی بگونجێن.