ڤالانتاین.. خۆشەویستی لە نێوان گوزارشت و قوربانیدان

234

فازڵ عومەر*

له‌ رۆژی جیهانیی خۆشه‌ویستیدا، نامەوێت باس لە مێژووی ئەم ڕۆژە و چیرۆکی قەشە ڤالانتایین بکەم؛ چونکە سێرچێکی سادە لە گوگڵ زانیاری پێویستت پێ دەدات. ئەوەی لێرەدا وەک کۆمەڵناسێک دەمەوێت تیشکی بخەمە سەر، وەڵامدانەوەی پرسیارێکە کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تێگەیشتنی جیاوازی بۆ دەکرێت، بەڵام بە بڕوای من هێشتا وەڵامەکان پڕبەپێستی ڕاستی بنەماکە نین، من باس لەو خۆشەویستییە دەکەم کە لە پەیوەندی نێوان دوو ڕەگەزی جیاوازدا ڕوودەدات، ئەم پەیوەندییە چەند قۆناغێکی جیاواز دەبڕێت کە هەر یەکێکیان مەحکومە بە هەلومەرجی تایبەت. هەڵەی گەورە لەوەدایە کە زۆربەی خەڵک دەیانەوێت “یەک ڕیتمی” و سەقامگیرییەکی ڕەها لە هەموو قۆناغەکاندا هەبێت، بێ ئەوەی ڕەچاوی هەڵکشان و داکشانەکانی ژیان بکەن.

لێرەدا قۆناغەکانی ئەم پەیوەندییە پۆلێن دەکەین: قۆناغی پەیوەندی سۆزداری خۆراکی سەرەکی ئەم قۆناغە، تەنها سۆز و دەربڕینی هەستەکانە. قۆناغێکی “موجەرەد”ە و دوورە لە واقیع. لێرەدا هەردوو ڕەگەز لە ڕێگەی گوزارشتە ڕۆمانسییەکانەوە دنیایەکی خەیاڵی بۆ یەکتر دروست دەکەن. زۆربەی شیعر و ئەدەبیاتی سۆزداری ئێمە بەرهەمی ئەم قۆناغەیە؛ پیاوان وەک شێوەکار و ئاوازدانەر دەردەکەون و خانمانیش دەبنە تابلۆ و ئاوازی ئەو هونەرە.

ئەرکی سەرەکی لێرەدا تەنها گوزارشتکردنە. قۆناغی دەزگیرانداری (نێوان خەیاڵ و واقیع) قۆناغێکی کورت بەڵام هەستیارە. لێرەدا وزەی سۆزداری هێشتا زۆرە، بەڵام وردە وردە باس لە نەخشەی ئایندە دەکرێت. لێرەوە “نیگەرانی” سەر هەڵدەدات؛ چونکە بیرکردنەوە لە ئایندە چێژی ڕۆمانسییەت کەم دەکاتەوە. زۆرجار لەم قۆناغەدا جیابوونەوە ڕوودەدات، چونکە لایەنەکان بەرگەی “ئایندەسازی” ناگرن لەسەر حیسابی هەستەکانیان. قۆناغی هاوسەرگیری (گواستنەوە بۆ واقیع) ئەمە ئەو خاڵەیە کە مرۆڤ قاچی لە دنیای خەیاڵەوە دادەنێتە ناو دنیای واقیع. خۆراکی ئەم قۆناغە چیتر تەنها سۆز نییە، بەڵکو عەقڵ و لۆجیکە. لێرەدا شۆک و نامۆبوون دروست دەبێت؛ چونکە لە قۆناغی یەکەمدا “سێبەری درەختێک” بەس بوو بۆ ڕازونیاز، بەڵام لێرەدا “سەقفی خانوویەک” پێویستە بۆ بەردەوامی.

تێبینی: غەدرە ئەگەر هاوسەرەکان یەکتر تۆمەتبار بکەن بەوەی گۆڕاون. ڕاستی ئەوەیە تەنها “فۆرمی” خۆشەویستییەکە گۆڕاوە؛ ئەو خۆشەویستییەی جاران لە ناو دێڕە شیعرێکدا بوو، ئێستا گۆڕاوە بۆ “بەرپرسیارێتی و قوربانیدان”. قۆناغی خێزانداری (پەروەردەکردنی نەوە) بە هاتنی منداڵ، ئەرکەکان قورستر دەبن. وزە و کات و بیرکردنەوەی هاوسەرەکان دەچێتە خزمەت ئایندەی منداڵەکانیان. لێرەدا بەرپرسیارێتی بە تەواوی جێگەی دەربڕینی سۆز دەگرێتەوە. پوختەی بابەت ئەو تێگەیشتنە باوەی کە دەڵێت خێزانی کوردی لە دەربڕینی خۆشەویستیدا “هەژارە”، تێگەیشتنێکی ڕووکەشانەیە.

ڕەنگە لە ڕووی “فۆرم و نمایش”ەوە ڕاست بێت، بەڵام لە جەوهەردا، ئەو قوربانیدان و ڕووبەڕووبوونەوەیەی پیاو و ژنی کورد بۆ پاراستنی خێزان دەیکەن، خۆشەویستییەکی ڕاستەقینەیە، ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت لە زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە، ئەنجامی دوورکەوتنەوەمانە لە بەهای پیرۆزی خێزان و گۆڕینەوەی “قووڵایی جەوهەر” بە “ڕووکەشی نمایش” بۆیە لە (١٤ی ٢)دا دەڵێم: خۆشەویستی قوربانیدانە لە پێناو مانەوە، نەک بەخشینی گوڵی سوور لە پێناو گرتنی وێنەیەک! *كۆمه‌ڵناس