ستراتیژیه‌تی پارتی؛ گرەوی مانەوەی قەوارەی هەرێمی بردەوە

174

هاوکار محەمەد محەمەد

لە زانستی سیاسەتدا، بڕیارە ستراتیژییەکان نەک لە ساتەوەختی جێبەجێکردنیان، بەڵکوو لە دەرئەنجامە درێژخایەنەکانیاندا هەڵدەسەنگێندرێن. کاتێک ئاوڕ لە ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان دەدەینەوە، وێنەیەکی ڕوونمان بۆ دەردەکەوێت لە نێوان دوو بەرەی جیاواز: بەرەیەک کە باوەڕی بە “هەڵوەشاندنەوەی قەوارە” هەبوو وەک چارەسەر، لە بەرامبەر بەرەیەکدا کە “مانەوە و بەرگری” کردبووە بنەمای کارکردن، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕابەرایەتی دەکرد.

بەر لە ساڵێک، گۆڕەپانی سیاسیی و میدیایی لە کوردستان بە شەپۆلێکی پۆپۆلیستی داپۆشرابوو، کە بانگەشەیان بۆ یەک دێڕی مەترسیدار دەکرد: “چارەسەر لە بەغدایە.” ئەم تێزە تەنها داوایەک نەبوو بۆ ڕێککەوتن، بەڵکو پڕۆژەیەک بوو بۆ ڕادەستکردنی تەواوەتی هەرێم. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و تەنانەت بەشێک لە هاوبەشانی حکومڕانیش، بە ئاشکرا داوایان دەکرد دۆسیەی نەوت، غاز و تەنانەت دەروازە سنوورییەکانیش ڕادەست بکرێن، بەو خەیاڵەی کە بەغدا فریادڕەسە. لەوەش مەترسیدارتر، گوتارەکە لە ئاستی ئابوورییەوە پەڕیەوە بۆ ئاستی ئەمنی و سەربازی. بەشێک لە هێزە سیاسییەکان کەوتنە دۆخێکەوە کە دەتوانین بە “چاوساغی سیاسیی” ناوی بەرین بۆ هێز و گرووپە میلیشیاییەکان.

داواکارییەکان گەیشتنە ئاستێک کە هانی هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانەکانی قەیس خەزعەلی دەدرا کە سنووری هەرێم ببەزێنن و هەولێر و سلێمانی کۆنتڕۆڵ بکەن. ئەمە لە مێژووی سیاسیی میللەتاندا نموونەیەکی دەگمەنە کە هێزێکی ناوخۆیی داوای داگیرکردنەوەی خاکەکەی خۆی بکات بە پاساوی ململانێی حیزبی. لەم دۆخە هەستیارەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان سیاسەتێکی جیاواز و پێچەوانەی تەوژمە باوەکەی گرتەبەر.

ستراتیژیی پارتی لەسەر دوو کۆڵەکە وەستابوو: یەکەم، پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم وەک هێڵی سوور، دووەم، مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا وەک لایەنی دانوستانکار نەک لایەنی باڵادەست”. پارتی درکی بەوە کردبوو کە ڕادەستکردنی دۆسییەکان بەبێ گرەنتی دەستووریی، کۆتاییهێنانە بە ئۆتۆنۆمیی کوردی. ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، دەرکەوت خوێندنەوەی پارتی بۆ عەقڵیەتی بەغدا و مەترسیی گرووپەکان ڕاست و دروست بوو.

ئەوانەی داوای ڕادەستکردنی هەموو شتێکیان دەکرد، ئێستا دەبینن کە ئەگەر پلانەکەیان سەریبگرتایە، ئێستا نەک هەر مووچە، بەڵکو ناسنامەی سیاسیی و ئیداریی شارەکانیش لەژێر ڕەحمەتی بڕیاری سیاسیی میلیشیاکاندا دەبوو.

سیاسەتی نەفەسی درێژ و بەرگەگرتنی گوشارەکان، وایکرد هەرێمی کوردستان وەکوو قەوارە بمێنێتەوە. مێژوو سەلماندی کە هەڵوێستی نیشتمانی ئەوە نییە لە کاتی تەنگانەدا دەرگا بۆ ئەوانی دی بکەیتەوە، بەڵکو ئەوەیە سازش لەسەر مافە دەستوورییەکان نەکەیت، تەنانەت ئەگەر لەژێر قورسترین گەمارۆشدا بیت. ئەو هێزانەی چاوساغی خەزعەلی و هاوئاوازەکانی بوون، ئەمڕۆ لەبەردەم دادگای مێژوودا وەک لایەنی دۆڕاو دەردەکەون، لەکاتێکدا سیاسەتە پارێزگارەکەی پارتی بووە هۆی مانەوەی هەرێم.