ئەمڕۆ هەینی، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوی كردەوە، كە دانوستانەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە مەسقەتی عومان كۆتایی هات. 

عومان نێوەندگیری دانوستانەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەكات و ئەگەری هەیە لەدوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكەش، شاندی هەردوو لا بگەڕێنەوە وڵاتەكانی خۆیان.

لەمبارەیەوە، لە میدیاکانی ئەمەریکا مەرجەكانی نێوان هەر دوو وڵاتیان بۆ درێژەدان بە دانوستانەكان بڵاو کردووەتەوە، كە ئەگەری هەیە ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت، لە بەرانبەریشدا ئەمەریکا سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت.

هاوكات، میدیاکانی عومان لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەی ئاماژەیان بەوە داوە، لە گفتوگۆکاندا تیشک خراوەتە سەر چوارچێوە و مەرجەکانی دانوستاندن و چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان بە شێوەیەکی چڕوپڕتر بەڕێوە بچێت.