ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ى شوباتى 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەریمی کوردستان لە دوبەی، لەگەڵ محەمەد قرقاوی، سەرۆکی لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان و وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات كۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی سەرکەوتنی لوتکەکەکەی لە محەمەد قرقاوی کرد کە ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە گرنگترین کۆنفرانس و لوتکەکانی ناوچەکە و جیهان.

هەروەها سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی کرد، کە نموونەیەکی پێشکەوتوو و گەشەسەندووی ئابووری و حوکمڕانییە.

وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات، سوپاسی بەشداری و ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی لە لوتکەکە کرد و جەختی لە بەردەوامبوونی پشتیوانی و هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان کردەوە. لەم ڕووەوە ئاماژە بە پلاتفۆرمی یاسایی درا کە بڕیارە لەم نزیکانەدا، بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، کە بەشێکە لە بڕگەکانی ئەو یاداشتی لەیەکتێگەیشتنەی کە لەنێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.