خەبات: ساسان دەروێش:- سەفەت کانیبۆتی، لە شاری هەولێر بەشداربوو لە یادی 39 ساڵەی کاک ئیدریس بارزانی، کە لەلایەن دەزگای پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی ڕێکخرابوو، سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا بەخولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان سەروەریان بارزانیی نه‌مر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو شمشاڵی ژەنی، لە کۆتاییشدا لەگەڵ شیعر خوێندنەوەی ( قادر قاچاغ ) شمشاڵی ژەنی.

سەفەت کانیبۆتی ماوەی زیاتر لە 60 ساڵە شمشاڵ دەژەنێت و لە پرسەی شەھیدان و زۆربەی دیلانەکاندا بەشدار دەبێت. سەفەت کانیبۆتی، دانیشتووی گوندی کانیبۆتە لە دەڤەری بارزان، تاکە شمشاڵژەنە کە ئەزموونی زیاتر لە نیو سەدەی لە ژەنینی شمشاڵ و دووزەلەدا ھەیە و ئێستا تەمەنی ٦٥ ساڵە.

بۆ خەبات گوتی: ژیانی پێشمەرگایەتیم و سەرکەوتنمان بەسەر نەیارانمان و شەھیدبوونی رۆڵەکانی کورد، سەرچاوەی ئیلھام و دروستکەری ئەم ھەستە بوو کە من پەرە بەو ھونەرە کولتوورییە بدەم، چونکە شمشاڵژەن دەتوانێت ھەم لە شین و گریان ھەم لە خۆشیدا شمشاڵبژەنێت، تا ئێستا بەشداریم لە چەندین پێشبڕکێ و فیستیڤاڵی ناوخۆیی و جیھانیدا کردووە. سەفەت کانیبۆتی گوتیشی: خاوەنی چەندین خەڵاتی رێزلێنانم، لە تەمەنی 8 ساڵیدا بووم کاتێک فێری شمشاڵژەنین بووم، ژیانی پێشمەرگایەتی باوک و باپیرانم، سەرەتا لە شوانکاری و مەڕداری، دواتریش کە بوومە پێشمەرگە ئیلھامیان پێدام بۆ ئەوەی بیری فێربوون و ژەنینی شمشاڵ بکەمەوە، دواتریش خەباتی پێشمەرگایەتیم لە شاخ ھاندەر بوو بۆ ئەوەی زیاتر بەردەوام بم و دانەبڕێم.

‎سەبارەت بەوەی چۆن و بە چ شێوەیەک فێری شمشاڵژەنین بووە، سەفەت کانیبۆتی گوتی: «فایەق کانیبۆتی کە ئامۆزای باوکمە دووزەلڤان و شمشاڵژەنێکی زۆر سەرکەوتوو بوو، بەڵام باوکم نەیدەھێشت دووزەلە بژەنم، چونکە ھەمیشە دەیگوت: دووزەلە تەنیا بۆ کاتی دڵخۆشییە، بەڵام شمشاڵ بۆ شین و خۆشی بەکار دەھێنرێت، دەکرێت شمشاڵ لە دوای مردوو و لەسەر گۆڕەکان بژەنرێت، بەڵام بۆ زوڕنا و دووزەلە ئەمە ڕەوا نییە، بۆیە لەسەر قسەی باوکم شمشاڵژەنینم ھەڵبژارد.