وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆبوونەوەیەکدا لە برۆکسل، بڕیاریان دا، بەهۆی تێوەگلانیان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، زنجیرەیەک سزای نوێ بەسەر چەندین بەرپرسی باڵای ئەو ئێراندا بسەپێنن.
بەگوێرەی ئەو لیستەی لە ڕۆژنامەی فەرمیی یەکێتییەکەدا بڵاو کراوەتەوە، سزاکان ئەسکەندەر مومەنی، وەزیری ناوخۆ و محەمەد موەحیدی ئازاد، داواکاری گشتیی ئێران دەگرێتەوە. جگە لەوان، ١٥ بەرپرسی دیکە و ٦ دامەزراوە خراونەتە لیستی سزاکانەوە، کە دیارترینیان: سەید مەجید فەیز جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسداران؛ ئیمان ئەفشاری، سەرۆکی دادگای شۆڕش و عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی “خاتەم ئەنبیا” دەگرێتەوە.
سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا بریتین لە بەستنی سەرجەم دارایی و موڵکەکانی ئەو بەرپرسانە لە وڵاتانی ئەورووپا، لەگەڵ قەدەغەکردنی گەشتکردنیان بۆ ناو خاکی یەکێتییەکە. ئەم هەنگاوە وەک فشارێکی نوێی نێودەوڵەتی بۆ سەر تاران دادەنرێت لە پاشخانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەر بەپێی بڕیارى یەکێتیی ئەورووپا، سوپاى پاسدارانی ئێران خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.