کۆمپانیای نیشتمانی بۆ بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) جەختی كرده‌وه‌ له‌ ئاماده‌یی ته‌واویان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ خاوەن پاڵاوگەکان لە سەرانسەری جیهاندا، هاوکات ڕوونی کردەوە کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنە مێژووییەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، بە شێوەیەک کە بەردەوامی و سەرکەوتنی مسۆگەر بکات.

عەلی نزار شەتڕی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، ڕۆڵی سەرەکیی “سۆمۆ” لە نەرمونیانی نواندن لەگەڵ کڕیارە باوەڕپێکراو و بەناوبانگەکاندا دەبینرێتەوە، بەتایبەت لە بواری بەبازاڕکردنی نەوتی خاودا. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم نەوتە بۆ خاوەن پاڵاوگەکان لە هەموو بازاڕەکانی جیهاندا، هەناردە دەکرێت.

به‌ڕێوه‌به‌رى سۆمۆ ئەوەشی خستەڕوو کە کۆمپانیاکە ئاماده‌یه‌ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ خاوەن پاڵاوگەکان لە هەر شوێنێک بن، هه‌روه‌ها گوتی: “جەختنەکردنەوە لەسەر بازاڕێکی دیاریکراو لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگییەک دێت کە دوو ئامانجی سەرەکی مسۆگەر دەکات: یەکەمیان فرۆشتنی تەواوی بڕە بەردەستەکان بۆ هەناردەکردن، و دووەمیان بەدەستهێنانی بەرزترین داهاتی گونجاو، کە ئەمەش کارێکی زۆر گرنگه‌”.

 ئاماژەی بەوەش دا کە تەنانەت لە ئەگەری کەمبوونەوەی گەشەشدا، دەرفەت بۆ هەر بەکاربەرێک کراوەیە بۆ کڕینی نەوتی خاوی عێراق و پاڵاوتنی لەناو پاڵاوگەکاندا بۆ بەرهەمهێنانی ئەو وەرگیراوە نەوتییانەی کە دەیانەوێت، گوتیشی: “ئەم سیاسەتە ڕێگە بە کۆمپانیاکە دەدات تەنانەت لە سەخترین بارودۆخی بازاڕدا، کێبڕکێ بکات”.

بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ ڕێککەوتنە مێژووییەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ بەبازاڕکردنی نەوتەکەی لە ڕێگەی کۆمپانیا نیشتمانییەکەوە بە “سەرکەوتوو” وەسف کرد، بە بەڵگەی ئەوەی لەلایەن حکوومەتەوە تا کۆتایی مانگی ئازار درێژکراوەتەوە، جەختیشی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە شیاوی درێژکردنەوەی دووبارەیە له‌به‌ر ئه‌وه‌ى لایەنە بەشدارەکان کار بۆ سەرکەوتنی دەکەن.

هەروەها جەختی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە جگە لە ڕێکخستنى پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی بەبازاڕکاری نیشتمانییەوە، هاوکار بووە لە بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر بۆ وڵات.