وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو قوتابییە هاتە دەنگ كە لە كەركووك لەسەر كێشانی وێنەی ئاڵای كوردستان دەركراوە.
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردەوە كە دوای ئەوەی كە قوتابییەكی كورد لە كەركووك بەناوی دیار خەلیل لە خوێندنی سیستمی ئیتحادیی لە قوتابخانەیەكی ناحكومی بەهۆی ئەوەی لەوانەی هونەردا وێنەی ئاڵای كوردستانی كێشابوو، لە قوتابخانەكە بڕیاری دوورخستنەوەی دەدرێت، راستەوخۆ مامۆستا كامەران بەرێوەبەری خوێندنی كوردیم راسپارد كە بەهیچ جۆرێك ئەمە نابێت قبوڵ بكرێت و قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی كەركووك بكەن.
روونیشی كردووەتەوە كە سبەی چارەسەری بابەتەكە دەكەن و لێپرسینەوەش لە قوتابخانەكە دەكەن، “بڕیاریشمدا پارەی خوێندنەكەی لە ئەستۆ بگرم وەك پاڵپشتیەك دڵنیابن ئەو منداڵە بێ خوێندن نامێنێتەوە بابەتەكە چارەسەر دەبێت و جیا لەوەش هەموو قوتابخانە كوردییەكانی ئێمە لە كەركووك لەبەردەمیدا كراوەیە”.
رووداوەكە بەمشێوەیە بوو كە قوتابی دیار خەلیل ئیبراهیم كە لە خوێندنگەی “ئەجیال نەسری” لە شاری كەركووك دەخوێنێت، لە كاتی تاقیكردنەوەی وانەی هونەردا، وێنەی ئاڵای كوردستانی وەك بابەتێكی هونەری كێشابوو. بەو هۆیەوە لەلایەن كارگێڕی قوتابخانەكەیەوە سزایەكی توند درابوو، كە بریتی بوو لە دەركردنی لە قوتابخانە و بێبەشكردنی لە خوێندنی ئەمساڵ.