وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە هەر چوار پارێزگاکەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، بڕی 700 ملیۆن دیناریان وەک کۆمەکی مرۆیی بۆ هاوکاریی لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستان تەرخان کرد، کە بڕیارە وەک قۆناغی یەکەم بۆ دابینکردنی پێداویستییە لۆجستی و مرۆییەکان بەکاربهێنرێت.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم هەوڵە بەشێکە لەو کەمپەینە مرۆییە بەرفراوانەی کە خەڵک، حکومەت و دامەزراوە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بۆ فریاکەوتنی لێقەوماوانی ڕۆژئاوا دەستیان پێکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕی 700 ملیۆن دینار لەلایەن سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانەوە کۆکراوەتەوە و ڕادەستی دەستەی وەبەرهێنان کراوە بۆ ئەوەی کەلوپەل و کەرەستەی پێویستی پێ بکڕدرێت و ڕەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بکرێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختی کردەوە کە ئەم هاوکارییانە وەک قۆناغی یەکەم ڕەوانە دەکرێن و هەماهەنگی دەکرێت تاوەکو بە زووترین کات بگاتە دەستی ئەو هاووڵاتییانەی کە بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەوە تووشی لێقەومان و قەیرانی مرۆیی بوونەتەوە.
ئەم دەستپێشخەرییەی وەبەرهێنەرانی کوردستان لە کاتێکدایە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی سەپاندنی شەڕێکی نەخوازراو و پێکدادانە چەکدارییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، قەیرانێکی مرۆیی قووڵ دروست بووە و دانیشتووانی ناوچەکە پێویستییەکی زۆریان بە خۆراک، دەرمان و پێداویستییە لۆجستییەکان هەیە، کە ئەمەش وایکردووە لایەنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە بکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.