وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیانراوێكدا، كە نوسخەیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، ئەمڕۆ شەممە، پەیامێكی سوپاس و پێزانینی بۆ کۆدەنگی و هەماهەنگیی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن (نووسراو، بینراو، بیستراو، ئەلیکترۆنی)، نووسەران، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، وەرزشوانان، لاوان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناردووە، لەپای بەتەنگەوەبوونی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە جیهان و ڕێگریکردن لە جینۆسایدێکی دیکە دژ بە گەلی کورد.

لە پەیامەكەی وەزارەتی رۆشنبیریدا هاتووە، ”یەکدەنگی و بەتەنگەوەبوونی توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردستانی و وەستانیان شانبەشانی خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاڤای کوردستان، نیشانەی دەرکەوتنی سەردەمێکی نوێی گیانی کوردایەتی و خەمڵینی خەباتی نەتەوایەتییە لەپێناو ڕزگاری نیشتمانیدا.“

هەروەها راگەیانراوەكەی وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت: ”ئەم یەکدەنگییە نیشتمانییە لە ئاستی جیهاندا بووە بە گەورەترین بەربەست لەبەردەم میدیای شۆڤێنی و پشتیوانانی تیرۆر و ڕێگر بوو لەبەردەم ئەو ماکینانەی پڕوپاگەندە کە دژی کورد و بزووتنەوە نەتەوەییەکەی خرابوونە کار و هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکان و دروستکردنی زەمینەی جینۆسایدێکی دیکەیان دەدا.“

لە كۆتایی پەیامەكەی وەزارەتی رۆشنبیریدا هاتووە: ”وێڕای سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ شەونخوونی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و هەموو ئەو چالاکانەی لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ڕووحیەتی کوردبوون و دەنگی کوردستانیانیان بە جیهان گەیاند، داواکارین لە هەموو لایەک بەو گیانە نیشتمانی و نەتەوەییە و لە چوارچێوەی پاراستنی کولتووری ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی کۆمەڵگەی کوردستان بەردەوام بن لە گەیاندنی ڕاستییەکان.“