مانگی سووری کوردی ڕاگەیاند، 4 منداڵ لە شاری کۆبانی بەهۆی سەرمایەکی توند و نالەباری کەشوهەواوە گیانیان لەدەستدا.

 ئەم دامەزراوە مرۆییە ئاماژەی بەوە کردووە کە گیانلەدەستدانی ئەم منداڵانە ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە مرۆییە سەخت و مەترسیدارەیە کە ئێستا لە شارەکەدا هەیە. هاوكات مانگی سووری کوردی هۆشداری دا لەوەی کە بەردەوامیی گەمارۆدانی شارەکە و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتای جۆراوجۆر. جەختیش لەوە کراوەتەوە کە بەهۆی نەمان یان کەمیی زۆری خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، دۆخی کۆبانی گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار و ژیانی هاووڵاتییان لە مەترسیدایە.

ئەم بارودۆخە نالەبارە لە کاتێکدایە کە کۆبانی و دەوروبەری بەهۆی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ژێرخانە خزمەتگوزارییەکان، دووچاری قەیرانی توندی نەبوونی سووتەمەنی و کارەبا بوونەتەوە. پەککەوتنی وێستگەکانی وزە و نەبوونی کەرەستەی گەرمکەرەوە وایکردووە خێزانەکان نەتوانن لەم شەپۆلە سەرمایەدا منداڵەکانیان بپارێزن، ئەمەش مەترسیی گیانلەدەستدانی زیاتری لەنێو کۆرپە و منداڵە تەمەن بچووکەکاندا دروست کردووە کە بەرگریی جەستەیان بەرامبەر سەرما کەمە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوە مرۆییەکان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە جیهانییەکان دەکەن دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ گەیاندنی هاوکاریی فریاگوزاری و شکاندنی ئەو گەمارۆ پزیشکی و خۆراکییەی خراوەتە سەر ناوچەکە. بەردەوامیی ئەم دۆخە و بێدەنگیی جیهان لە ئاست کارەساتە مرۆییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، کۆبانی بەرەو قۆناغێکی نادیار و ترسناکتر دەبات، کە تێیدا خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانیی یەکەمی ململانێ سەربازییەکان و نەبوونی پێداویستییەکانی ژیان.