سەرۆک بارزانی، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئیتاڵیا، سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە ڕۆما کرد و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا چەند پەیامێکی گرنگی سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی، یەکڕیزیی نەتەوەیی و پاراستنی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بۆ دڵنیایی گەلی کوردستان و ئاماژەدان بە هێزی بەرگریی هەرێم ڕایگەیاند: “کوردستان پێشمەرگەی هەیە و هیچ کەس ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەرمان.” ئەم لێدوانەی سەرۆک بارزانی وەک وەڵامێک دەبینرێت بۆ هەر هەڕەشەیەک کە ڕووبەڕووی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە.

سەبارەت بە هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە زیندانەکانی سووریا و مەترسییەکانیان بۆ سەر ناوچەکە، سەرۆک بارزانی وتی: “چەکدارانی داعش لە عێراق لە زینداندا بن زۆر باشترە وەک لەوەی لە سووریا بەرەڵا بن.” ئەمەش ئاماژەیە بۆ نیگەرانییەکان لە تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکانی سووریا و سوودوەرگرتنی تیرۆریستان لەو بارودۆخە.

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی یەکدەنگیی کورد کردەوە و ڕایگەیاند: “باشترین شتێک کە بکرێت ئەوەیە کورد پشتی یەکتر بگرێت.” هەروەها سوپاسی هەڵوێستی نەتەوەیی کوردانی لە هەموو جیهان کرد و وتی: “سوپاسی گەلی کورد دەکەم کە لە هەموو جیهانەوە پشتیوانی گەلەکەیان دەکەن.”

سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ باڵیۆزخانەی عێراق لە ڕۆما، لە پەراوێزی زنجیرە دیدارە دیپلۆماسییەکانیدا دێت کە لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیا ئەنجامی داون، بە ئامانجی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی گەلی کورد و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.