گەشەپێدانی ئابووری، بنەمای سەرەکیی بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنییە”
لە پێناو پتەوکردنی ئامادەیی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی ئێوارەخوانێکی تایبەت بە پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کرد کە لە لایەن شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار، لە داڤۆس ڕێکخرا.
لە ئێوارەخوانەکەدا چەندین کەسایەتیی نێودەوڵەتی ئامادەبوون، لەوانە؛ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، نەدیم زەهاوی، پەرلەمانتار و وەزیری پێشووتری بەریتانی و خاوەنکاری ناسراوی ڕۆس پیرۆ و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی کورد و جیهانی.
لە ئێوارەخوانەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا، باسی لە دەرفەتەکانی بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کرد و ڕۆشنایی خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوەش کردەوە، گەشەپێدانی ئابووری بنەمای سەرەکیی بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنییە، ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان خواستی ئەوەیە ببێتە خاڵی بەیەکگەیاندنی شارستانییەتە کۆنەکانی ناوچەکە، بەو پێیەی پێگەیەکی ستراتیژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.