ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی 1ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو بە هۆی تەواوبوونی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی و بەدواداچوونی بەردەوامی تیمەکانمان، ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە مردن و بریندار بوون کەم بۆوە.”

ڕاشیگەیاند: “لەپێناو پاراستنی زیاتری گیانی هاووڵاتییان و پاراستنی مافی هەموو بەکارهێنەرانی شەقام و پاراستنی سەروەری یاسا بەسەر هەموان، ئاگاداری شۆفێرانی ئازیز دەکەینەوە کە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان لە ترافیکلایتەکان، لە بازگە و مەفرەزەکان، هەروەها لە ناو ئۆتۆمبێلەکانی هاتوچۆ (بە هەردوو جۆری تابلۆی میری و تابلۆی شارستانی)ـیەوە بە بەرنامەیەکی نوێ بۆ ساڵی 2026 دەست دەکەن بە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکان و سزادانی ئەوانەی سەرپێچیی دەکەن.”

سەرپێچی و سزاكان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

– ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ، یان تابلۆی ساختە، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت.

– بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی شۆفێری رووبەرووی سزای دارایی دەکرێتەوە.

– بەکارنەهێنانی پشتێنی سەلامەتی، لە ناو شار و لە دەرەوەی شار، ڕووبەرووی سزای دارایی دەکرێتەوە. بۆیە خۆتان ڕابهێنن کە لەگەڵ داگیرساندنی ئۆتۆمبێل، پشتێنی سەلامەتی ببەستن، ئەمەش بۆ سەلامەتی خۆتانە.

– جام رەشکردن بێ مۆڵەت، بەکارهێنانی نەشرە و فلاشەر و دەستکاریکردنی گزۆز، دەستی بەسەردا دەگیرێ و سزای دارایی دەدرێت.

– شوفێری کردن بێ مۆڵەت رووبەرووی دادگا و یاسا دەکرێتەوە.

– ماتۆرسواری دیلیڤەری و هەر جۆرە ماتۆرێکی دیکە پێویستە هەردوو تابلۆی پێشەوە و دواوەی پێوە بێت و بە فەرمی تۆمار کرا بێت، بە پێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.

– ماتۆرسوار دەبێ مۆڵەتی لێخوڕینی هەبێت و کڵاو و پێداویستیی سەلامەتی لەسەر بێت، بە پێچەوانەوە سزای داریی دەکرێت.

باسی لەوەش كرد، كە پێویستە شۆفێر ئاگادار بێت کە هەموو کات لەژێر چاودێریی تیمەکانی هاتوچۆدایە.

هاتوچۆی هەولێر ئاشكراشی كرد، كە تیمەكانیان ئۆتۆمبێلی مەدەنی (تابلۆی شارستانی) لە پاڵ ئۆتۆمبێلی میری بەکار دەهێنن بۆ چاودێریکردنی شەقامەکان و پەیڕەوکردنی یاساکان، چونکە “شەقامەکان فەزای گشتین و موڵکی هەموو خەڵکن، نابێ کەس بە سەرپێچیکردن پێشێلی یاسا و مافی هاووڵاتییانی دیکە بکات.”

دەشڵێ: “چاوەڕێی پابەندی و هاوکاریی هەموان دەکەین.”