کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسانی دیاری سووریا (٢٠ ڕۆژنامەنووس) لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی خۆیان لە “ڕابیتەی ڕۆژنامەنووسانی سووریا (SJA)” ڕاگەیاند.
گرنگترین هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەکە بەپێی بەیاننامەی ڕۆژنامەنووسەکان بریتین لە:
١. لادان لە بنەماکان: ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ڕابیتەکە لەو ئامانج و بەهایانە لایداوە کە لەسەری دامەزراوە و چیتر چەترێکی سەربەخۆ نییە بۆ داکۆکیکردن لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری.
٢. لایەنگیری سیاسی: گۆڕینی گوتاری ڕابیتەکە بۆ لایەنگیریی سیاسی لە ناوخۆی سووریادا، لە جیاتی پاراستنی بێلایەنیی پیشەیی.
٣. وتاری ڕقوکینە: پشتگوێخستنی سەرپێچیی هەندێک لە ئەندامانی ڕابیتەکە کە وتاری ڕقوکینە و هاندانیان بڵاو کردووەتەوە، ئەمەش بە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی ڕابیتەکەیە.
٤. پاشەکشەی ئازادی: بێدەنگبوون لە ئاست ئەو یاسا و ڕێکارانەی کە دەبنە هۆی بەرتەسککردنەوەی کاری میدیایی.
لە کۆتاییدا، واژۆکەرانی بەیاننامەکە (کە پێکهاتوون لە ٢٠ ڕۆژنامەنووس و نووسەر، جەختیان کردووەتەوە کە پابەندن بە بەهاکانی ڕۆژنامەگەریی ئازاد و سەربەخۆ و دژی هەر جۆرە فشار و سیاسییکردنێکی کاری سەندیکایین.
ئەم کاردانەوانە لە کاتێکدا دێن کە ئەو دامەزراوەیە بە لاینەگریکردنی چەکدارانی ئەحمەد شەرع دژ بە کورد، لە ڕووداوی هێرشکردنە سەر دوو گەڕەکەکەی حەلەب تۆمەتبار کراوە.