سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە ڕێکخراوی یونێسکۆ کرد و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و کار و چالاکییەکانی نوێنەری عێراق لە ڕێكخراوەكەدا دەربڕی.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11/1/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئەسعەد تورکی سواری، نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە ڕێکخراوی یونێسکۆ کرد، لە دیدارەکەدا نوێنەری عێراق لە یونێسکۆ، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانیان لە ڕێکخراوەكە خستە ڕوو، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی نوێنەراتیکردنی هەموو پێکهاتە و بەشەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە ڕێکخراوەکەدا کرد.

سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و کار و چالاکییەکانی نوێنەری عێراق دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست، سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی لە گرنگیی بوونی هەرێمی کوردستان بە ئەندامێکی بەشدار لە ڕێکخراوی یونێسکۆ کردەوە.