جەدعون سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئێکس) نووسیویه‌تى: “هێرشەکانی هێزەکانی ڕژێمی سووریا بۆ سەر کەمینەی کورد لە شاری حەلەب، زۆر دژوار و مەترسیدارن”.

دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و ڕۆژئاوا بە تایبەتی، قەرزاری ئەمەک و ئازایەتیی کوردن کە ئازایانە و سەرکەوتووانە دژی داعش جەنگان”.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئیسرائیل هه‌روه‌ها جه‌خت ده‌كاته‌وه‌: “سەرکوتکاریی سیستماتیک و خوێناوی بەرامبەر پێکهاتە و کەمینە جیاوازەکانی سووریا، لەگەڵ بەڵێنەکانی “سووریای نوێ”دا نایەتەوە و پێچەوانەیە. بێدەنگبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری توندوتیژییەکان لەلایەن ڕژێمی سووریاوە”.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، ڕووبەڕووی تۆپبارانێکی چڕ بووەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، چەندین گوللە تۆپ بەر ناوچە نیشتەجێبوونەکان کەوتوون و بوونەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی و زیانی ماددی زۆریش بە خانوو و موڵکی هاووڵاتیان گەیشتووە.