پارتی یەکێتیی سریانی لە سووریا، لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی، بە توندی سەرکۆنەی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە)ی لە شاری حەلەب کرد و ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە پێشێلکردنێکی ئاشکرای ڕێککەوتنەکانی پێشووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “بەداخەوەین بۆ بەردەوامیی پێکدادانە سەربازییەکان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ئەمە پێشێلکردنی (ڕێککەوتنی نیسان)ـە کە ئامانج لێی ڕاگرتنی شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بوو بۆ تەنگژەکانی ناو شارەکە.”

پارتی یەکێتیی سریانی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەکارهێنانی چەکی قورس دژ بە گەڕەکە نیشتەجێبووەکان و بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل، پێشێلکردنی ڕەهای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ژیانی هەزاران خێزانی بێتاوان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، پارتی یەکێتیی سریانی ڕەخنەی توندی لە حکوومەتی سووریا گرت و ڕایگەیاند: “پەیڕەوکردنی عەقڵیەتی باڵادەستی و سەپاندنی هێز و پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکان، تەنها خزمەت بە ئەجێندای وڵاتانی هەرێمی دەکات. پێویستە حکوومەت بزانێت کە تەنها ڕێگەی چارەسەر، پەنابردنە بۆ دیالۆگ و بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتمانیی گشتگیر.”

پارتی یەکێتیی سریانی داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد: ١. دەستبەجێ تەقەکردن ڕابگیرێت و کۆتایی بە بژاردەی سەربازی بهێنرێت. ٢. بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئارام بۆ هاووڵاتییان. ٣. ڕێز لە ڕێککەوتننامەکانی پێشوو بگیرێت، بەتایبەت ڕێککەوتنی نیسان، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕشتنی خوێنی زیاتری خەڵکی سڤیل بکرێت.