ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە جەختی کردەوە، تەنانەت هەنگاوێکیش بۆ دواوە ناگەڕێنەوە و ئیرادەی گەل و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەرکەوتوو دەبێت.

 ئەنجوومەنەکە لە پەیامێکدا بۆ ڕای گشتی و گەلی کوردستان ڕایگەیاند: “هێرشێکی بەرفراوان بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس کراوەتە سەر گەڕەکەکانمان، ئامانجی ئەم هێرشەش چۆڵکردنی ناوچەکە و ئاوارەکردنی دانیشتووانەکەیەتی، ئێمە هەنگاوێک پاشەکشە ناکەین، چونکە ئیرادەی گەل و هێزەکانمان هەر سەردەکەوێت.”

لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە: “ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، شەڕێکی تایبەت و دەروونییە دژی گەلەکەمان بۆ شکاندنی ئیرادەمان، بۆیە پێویستە گەلەکەمان بڕوا بەو پڕوپاگەندانە نەکات. داوا لە هاووڵاتیانی نیشتمانپەروەرمان دەکەین لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە و نەکەونە داوی ئەو شەڕە دەروونییەی کە میدیا دوژمنکارەکان بانگەشەی بۆ دەکەن.”

جەختی لەوەش کردەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوام دەبن لە پاراستنی خەڵک و بەرپەرچدانەوەی هەموو جۆرە هێرشێک لە سەرجەم قۆڵەکاندا، هاوکات داوای لە خەڵک کرد شانبەشانی هێزەکانی ئاسایش بوەستن و پشتیوانیان بن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە: “ڕوو لە ڕای گشتیی جیهانی و ڕای گشتی لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین و دەڵێین: هێرشێکی تووند بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و بۆردومانێکی چڕ کراوەتە سەر گەڕەکەکانمان، ئامانج لەم هێرشانەش تەنیا چۆڵکردنی ناوچەکەیە لە دانیشتووانەکەی.”