خەبات: دانا بۆتانی:- بەرزبوونەوەی دەنگی جوتیاران بۆ راکێشانی کڕیار و هەڵدانەوەی سەوزو میوەیەکی زۆر لەبەردەم خۆیان، دیمەنێکی دڵرفێنە هەم بۆ کڕیار و هەمیش فرۆشیار، لە هەمانکاتدا گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی بۆ بابەتەکانی سەوزەو میوە بابەتێکی دڵخۆشکەرە، وەک رۆژنامەی خەبات بەدواداچوون بۆ گلەیی ئەو جوتیارانە دەکەم کە ناتوانن بەرهەمەکانی خۆیان لە بازاڕدا ساغ بکەنەوە لەبەر بوونی بەرهەمی بیانی، کێ بەرپرسە لە هێنانی ئەو هەموو سەوزەو میوەیە؟ بۆچی بازاڕی کوردستان ببێتە بازاڕێکی گەرم بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی دراوسێکانمان؟ کێن ئەوانەی لە دەرەوەی رۆژژمێری کشتوکاڵیی بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕ؟ هاتنی ئەو هەموو سەوزەو میوەیە لە ئێستادا جوتیارەکانمان سارد ناکەنەوە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان؟ ئەمانەو چەندین پرسیار لەم بەدواداچوونەم روون دەکەمەوە.
ئایا بەرهەمی برا جوتیارەکان لە ئێستادا پێداویستی بازاڕ پڕ دەکاتەوە؟ محەمەد حەسەن گوتی: من وەک جوتیارێکی بەرهەمی پەتاتە، دەتوانم بڵێم 100% بەرهەمەکانمان نەک هەر دەتوانێت پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە، بەڵکو پێداویستی هەموو باشووریش لە پەتاتە دەتوانین پڕبکەینەوە، ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە. یەکەم هاندانی براجوتیارەکان لەلایان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی پەتاتە دووەم دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمی پەتاتە لە کوردستاندا. ئینجا بەرهەمی پەتاتەش دووجۆرە بەرهەمێکیان تایبەتە و لەلایەن کارگەکانەوە هانی برا جوتیارەکانمان دەدەن بۆ بەرهەمهێنانی و ساڵانە و بەگوێرەی داتا نزیکەی 200 تەن لەم جۆرە بەرەهەم دێت بۆ دروستکردنی چپس، بەڵام جۆرەکەی دیکە کە بۆ خواردن بەکاردێت و بەشێکی دەچێتە دەرەوە نزیکەی ملیۆن و نیو تا دوو ملیۆن تەن بەرهەم دێت لە کوردستان، لە ئێستاشدا بەداخەوە خەریکە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە رێگای هاوردەکردنی پەتاتە بەشێوەی قاچاغ لە بەشێک لە مەرزەکان خەریکە بازاڕی پەتاتەی خۆماڵی نامێنێت، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، پەتاتەی ئیرانی بە نرخێکی زۆر هەرزانتر دەکەوێتە بازاڕ و لێرەدا بەرهەمی خۆماڵی ناتوانێت پێشبڕکێ لەگەڵ پەتاتەی ئیرانی بکات، چونکە تێچووی بەرهەمهێنان زیاتر دەبێت لە داهات.
هەر لەدرێژەی بەدواداچوونەکەم بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ڕەقیب عەلی جوتیارێکی دیکەیەو خەریک بوو بە دیار بارە کەلەم و خاسەکانی دەستەوەستان بوو و بۆی ساغ نەدەکرایەوە، ئەو بۆ خەبات گوتی: نازانین چۆن کار بکەین و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە بکەین، ئاخر من چەند مانگە خەریکی پێگەیشتنی بەرهەمەکانمم وەک کەلەم و خاس زیاتر لە بیست دۆنمم ئەم بەرهەمانە هەیە، کەچی لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمەکانمان بازاڕی عەلوەی هەولێر پڕ دەبێت لە کەلەم و خاسی ئێرانی ئەمەش وا دەکات نەک هەر بەرهەمەکانمان ساغ نابێتەوە، بەڵکو ناتوانین بڕی تێچووش بەدەست بێنینەوە. گوتیشی: لە هەموو وڵاتان کشتوکاڵ سەرچاوەی داهاتە، بەڵام لای ئێمە خەریکە دەبێتە سەرچاوەی نەهامەتی، چونکە بە فیڕۆدانی کاتێکی زۆر و رەنجێکی زۆرە. پێویسیە حکوومەت پشگیری جوتیاران بکات بۆ ئەوەی بە بەرهەمەکانمان پێشبڕکێی بەرهەمی بیانی بکەین. لە هەموو وڵاتان پشتگیری بەرهەمی خۆماڵی دەکرێت لە ئێستادا کشتوکاڵ بەرەو بووژانەوە دەچێت، ئەگەر پشتگیری جوتیارەکان نەکرێت بازاڕ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان بەرەو پووکانەوە دەچێت.
لە درێژەی ریپۆرتاژەکەمدا بۆ رۆژنامەی خەبات جوتیارێک خۆی لێم نزیککردەوە بە ناوی سەعد عەونی و گوتی: بەرهەمی ئەمساڵم خاس و چەوەندەر و سەوزەوات بوو و ئێوە خۆش، چونكە ئەو بەرهەمەی دەهێنینە بازاڕ زۆرجار بۆمان ساغ نابێتەوە و ناچارین دەیگەڕێنینەوەو دووبارە دەیدەین بە ئاژەڵەکانمان، هەموومان دەزانین لە ئێستادا بەرهەمی خۆمان پێگەیشتووە بەشی ناوخۆش دەکات واتا بە زیادەوە پێداویستی پڕدەکاتەوە بۆچی رێگا بە بەرهەمی سەوزە دەدرێت هاوردەی کوردستان بکرێت ئێمەی جوتیار زەرەر بکەین و ئێرەش ببێتە بازاڕێکی باش بۆ بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ من وەک جوتیارێک لە ئێستاوە خەمی پێگەیشتنی بەرهەمی هاوینەم وەک تەماتە و پیاز لە ئێستادا تەماتە 250 دینارە بەم زستانە ئەو کاتەی بەرهەمی خۆمام پێبگات دڵنیام 100 دیناریش ناکات، ئەوکات قازانج سەری سەرمایە دەخوات، بۆیە دڵنیام ئەگەر رێگا لەو قاچاخچییانە نەگیرێت کشتوکاڵ و بەرهەمە خۆماڵییەکان بەرەو پووکانەوە دەچێت.
دەمانەوێ بزانین رۆژژمێری کشتوکاڵی چییە و چۆن کاری پێدەکرێت؟ عومەر حەسەن بەرێوەبەری ژووری کەرەنتین لە بەرێوەبەرایەتی گشتی لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: رۆژژمێری کشتوکاڵی تایبەتە بە هەموو بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، هەر کاتێک کاتی گەیشتنی هەر بەرهەمێکی کشتوکاڵی بێت چ لە باشوور و ناوەڕاست یاخود هەرێمی کوردستان، ئەگەر بەرهەمەکە بتوانێت پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە بەدڵنییاوە بەگوێرەی ئەم رۆژژمێرەی کشتوکاڵیی ئێمە بە هیچ شێوەیەک رێگا بە بەرهەمی کشتوکاڵی نادەین بۆ ئەوەی برا جوتیارەکانمان بتوانن بەرهەمەکانیان لە بازاڕی سەوزەو میوە ساغ بکەنەوە، لە ئێستاشدا بەرهەمەکانی وەک کەلەم و قەڕەنەبیت و پەتاتە بەهیچ جۆرێک بۆ هیچ کاتێک رێگەپێدراو نییە، ئەگەر بەشێک لە برا جوتیارەکان گلەیی لە هاتنی بەرهەمی کشتوکاڵی دەکەن من حەقیان پێدەدەم، بەداخەوە بەشێک لە بازرگانی چاوچنۆک بەرهەمی کشتوکاڵی بەشێوەی قاچاغ دەهێنە نێوبازاڕی سەوزەو میوە، بەدڵنییاوە ئەگەر هەموو لایەک پابەندی رۆژژمێری کشتوکاڵیی بن، دڵنیام هەم بەرهەمی ناوخۆ زیاد دەبێت، هەمیش برا جووتیارەکان سارد نابنەوە لە زیادکردنی بەرهەمەکانیان و دڵنیاشم ئێمە لە هەموو بەرهەمە کشتوکاڵیەکانمان دەگەین بە ئاستی خۆبژێوی، بۆیە با هەموومان بەرهەمی کشتوکاڵی خۆمان بەکاربهێنین و رێگاش بگرین لەو بازرگانە چاوچنۆکانەی کە بەشێوەی قاچاغ بەرهەمی کشتوکاڵی هاوردەی کوردستان دەکەن، ئەگەرچی دڵنیام بەشێک لەو بەرهەمانە لە رێگای مەرزەکانی باشوور و ناوەڕاستەوە دێتە کوردستان.