لەگەڵ کۆتایهاتنی ساڵی 2025، بودجەی سێ ساڵەی حکومەتی عێراقیش کۆتایی هات. وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەو سێ ساڵەدا بەغدا تەنیا %3.9ـی کۆی بودجەی عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە.

 داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری کوردستان دەریدەخات، پێویست بوو حکومەتی عێراق لەماوەی سێ ساڵدا 58 ترلیۆن و 368 ملیار دیناری بناردایە، بەڵام لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق 24 ترلیۆن و 324 ملیاری دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، ئەمەش دەکاتە %41ـی شایستە داراییەکان و %3.9ـی کۆی بودجەی هەموو عێراق دەکات.

  لە ڕاگەیێنراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، جیاوازیەکی زۆر هەبووە لە نێوان ئەو شایستە دەستووریەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی سێ ساڵە هەیبووە، لەگەڵ ئەوەی بەغدا ناردویەوتی، ئەم جیاوازییە وایکردووە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی “گەمارۆی وەبەرهێنان” و “کەلێنی گەورەی دارایی” ببێتەوە.

  لە بودجەی سێ ساڵەی عێراق، بودجەی وەبەرهێنان 165 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان سفر بووە، ئەمەش پڕۆژەکانی ژێرخانی هەرێمی کوردستانی پەکخستووە.

 پەیوەست بە دۆسیەی نەوت، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە ئاداری ساڵی 2023 کاتێک هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا وایکرد 25 ملیار دۆلار زیان بە ئابووری عێراق بکەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک لە کۆتایی ساڵی 2025 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، 19 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ هەناردەکراوە، بەڵام سەرەڕای ناردنی ئەو ژمارە زۆرەی هەناردەکردنی نەوت، ساڵی 2025 گرفتی ناردنی مووچە هەر بەردەوام بووە.

 وەزارەتی دارایی کوردستان دەڵێت: هەموو ئەو گرفتانەی حکومەتی عێراق لە بودجەی سێ ساڵەی 2023 و 2024 و 2025 دروستیکردووە، وایکردووە هیچ ساڵێک حکومەتی عێراق مووچەی تەواوەتی نەنێرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان 919 ملیار دینار داهاتی نانەوتی بۆ گەنجینەی فیدڕاڵی ناردووە.