یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ژووری بازرگانی و پیشەسازی وڵاتی ئۆزباکستان واژوو دەكرێت و سەرۆکی ژووری بازرگانی ئۆزباکستانیش دەڵێت: “دەتوانین هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەڵ هەرێمی کوردستان.”

بەپێی بڵاوكراوەیەكی ژووری بازرگانی هەولێر، داڤڕۆن ڤاخابۆڤ، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئۆزباکستان رایگەیاندووە: “ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا پێشانگایەکی بەرهەمەکانی وڵاتی ئۆزباکستان لە هەولێر بکەینەوە.”

ئاماژەی بەوەش داوە: “بە فەرمی داوەت پێشکەش بە ژووری بازرگانی هەولێر دەكەین بۆ سەردانیکردنی ئۆزباكستان.”

سەرۆکی ژووری بازرگانی ئۆزباکستان، جەختی كردەوە: ” خۆشحاڵین لە شاری هەولێرین و ئێمە پشتگیری لە پەرەپێدانی پەیوەندیە بازرگانیەکانی هەردوولا دەکەین.”

ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “وڵاتی ئۆزباکستان بە خێرایی هەوڵی فراوانکردنی پەیوەندیە ئابووریەکانی دەدات لەگەڵ وڵاتان، لە سێکتەرەکانی ئەلیکترۆنی، بیناسازی، مس، فافۆن، پەمۆ، زێڕ، ئۆتۆمبێل، گەشتیاری، کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراك دەتوانین هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەڵ هەرێمی کوردستان.”

رۆژی 2025/12/24، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ژووری بازرگانی و پیشەسازی وڵاتی ئۆزباکستان واژوو کرا.

هەرێمی کوردستان لەگەل وڵاتی ئۆزبەکستان جۆرەها دەرفەتی هاوکاری کۆیان دەکاتەوە بەتایبەتیش کشتوکاڵ و پرۆسێسکردنی خۆراك و تەکنەلۆژیای ئاودێری و بەرهەمهێنانی کەرستەی بیناسازی.