د. مەحمود زاید
د. مەحمود زاید مامۆستای زانکۆ لە میسڕ و پسپۆری مێژوو و توێژەرێکی تایبەتمەند بە پرسی کورد، وتارێکی لەبارەی سەردانەکەی مەسڕور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ میسڕ نووسیوە، لەبەر گرنگیی بابەتەکە، بە پێویستمان زانی دەقەکە بە کوردی بڵاو بکەینەوە.
سەردانەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندە باڵاكەی بۆ میسر، لە كاتێكی زۆر گرنگ و لە بارودۆخێكی سەختدا دێت، كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سایەی گەرمبوون و گڕگرتنی كەشەكەی و هەڵگیرسانی ململانێیە وێرانكەرەكانی ناوخۆیی و هەرێمایەتی هەندێك وڵات، پێیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی كەوا هەرێمی كوردستان، لە سایەی سەركردایەتییەكەی ئێستایدا، بووەتە یاریزانێكی سەرەكی و بەشدارێكی كارا لە چارەسەركردنی ئەم كێشانە و نەهێشتنی گرژییەكان لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتییەوە، ئەمەش هەمان ئەو ڕێچكەیەیە كە میسر هەمیشە پەیڕەوی دەكات و دەستوەردانی ناڕەوای هەندێ هێزی هەرێمایەتی، لە كاروبار و چارەنووسی گەلانی هەندێ وڵاتانی ناوچەكەدا، ڕەت دەكاتەوە.
سەردانی فەرمییەكەی مەسرور بارزانی بۆ میسر و دیدارەكانی لەگەڵ سەرۆك سیسی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای میسر، چەندین ڕەهەندی سیاسی، تەناهی و ئابووریی هاوبەشی لەنێوان هەردوولادا هەیە، لە كاتێكدا پێگەی میسر و ڕۆڵە مێژوویی و تەوەرەییەكەی وا دەخوازێت، كە بەردەوام كار بۆ وشككردنی شوێنەكانی ڕكابەری و ململانێ لە ناوچەكەدا بكات، دەوڵەتی دامەزراوەیی بنیات بنێت و ڕۆڵی خۆی وەكوو ناوەندەكانی سەقامگیری و گەشەپێدان كارا بكات؛ هەرێمی كوردستانیش هەمان ئەو بارگرانییە لەو چواردەورە هەڵ دەگرێت، كە لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوریان داوە، سەرەڕای ئەو هێرشە تێرۆریستی و تاوانكارییانەی كە جاروبار دەكرێنە سەر دامەزراوە و شوێنە بژوێنەكانی، ڕەنگە فراوانبوونی بازنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمیش لەگەڵ ئەمریكا، وڵاتانی كەنداو و توركیا، هەر بەهەمان ئاراستەدا گوزەر بكات.
لەو كاتەی میسر لەگەڵ هاوبەشەكانی لە سنوورداركردنی زۆرێك لە ململانێیەكانی ناوچەكەدا سەركەوتوو بوو، كە دواترینیان ڕاگرتنی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بوو، هەرێمی كوردستانیش ڕۆڵێكی گەورەی لە ڕاگرتنی ململانێی چەكداریی نێوان دەوڵەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دا هەبوو، كە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری لە شوباتی ڕابردوودا داوای لە پارتەكەی كرد، بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا، چەك دابنێن و پەنا بۆ گفتوگۆی ئاشتییانە ببەن، هەروەها هەرێمی كوردستان، لە نزیككردنەوەی لایەنە ناكۆكەكانی كوردیش لە سوریا، لە گەیشتن بە یەك داڕشتەیەكی سازانی سەركەوتوو بوو، كە لە دانوستانەكان لەگەڵ حكومەتی دیمەشق سەبارەت بە داهاتووی سوریا، پەیڕەو بكرێت.









