هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی كۆتاییهاتنی ساڵی ژمێریاری، لە ڕۆژی چوارشەممەوە، هەموو جۆرە مامەڵەیەكی هاووڵاتییان ڕادەگیرێت و لە سەرەتای ساڵی نوێی 2026، دەست پێدەكەنەوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی 12ـی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە ئاگادارییەكی بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران بڵاو كردەوە و رایگەیاند :”بەهۆى كۆتاییهاتنى ساڵى ژمێریارى، ڕۆژی چوارشەممە 24ـی 12ـی 2025، کۆتا ڕۆژی ساڵی ژمێریارییە، لە دوای کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆ بەشی ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کارەکانی ڕادەگرێت.”

هاتوچۆی هەولێر راشیگەیاند: “لە ڕۆژی چواشەممەوە هەموو جۆرە ڕاییكردنێكی مامەڵەی هاووڵاتییان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر دەوەستێت تاوەکوو دەستپێکردنەوەی دەوام لە سەرەتای ساڵی نوێ.”

لە ئاگادارییەكەیدا، داوا لە هاووڵاتییان دەكات لەو ماوەیەدا سەردانیان نەکەن و “هەر مامەڵەیەک لە ماوەی ئەم ڕاگرتنە بە سەربچێت وەک (ساڵیانە و ماوەی تۆمارکردنى ئۆتۆمبێل و گرێبەستی ئەلکتڕۆنی) ئەوا بۆیان قەرەبوو دەکرێتەوە لە دوای دەستپێکردنەوەی دەوام.”

جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە “لەو ماوه‌یەدا هیچ کەسێک تووشی سزای پێبژاردنی دواکەوتن نابێت.”