وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری دارایی عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە 22/12/2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “ئەمڕۆ بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە شێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.”
ئەمە لە كاتێكدایە كە تا ئێستا حكوومەتی فیدرالیی عێراق مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی نەناردووە، هەرچەندە جگە لە داهاتی ناوخۆ، نەوتی كوردستانیش رۆژانە هەناردە دەكرێت و لە ڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە دەفرۆشرێت.