ئاسایشی هەولێر ڕاگەیاند، بە تۆمەتی تەقەكردن و دروستكردنی ئاژاوەگێڕی كەسێكیان دەستگیر كرد، كە بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەریشە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبار (ت، ز، ف)مان دەستگیر کرد، کە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر هەڵساوە بە تەقەکردن و دروستکردنی کاری ئاژاوەگێڕی.
ئەوەشی خستە ڕووو كە لە کاتی دەستگیرکردنیدا، دەستمان گرت بەسەر چەکێکی بێ مۆڵەت جۆری (کلانشینکۆف).
ئاسایشی هەولێر ڕاشیگەیاند: تۆمەتباری ناوهاتوو دەرکەوت بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرە و چەند گرامێک ماددەی هۆشبەری لە جۆری کریستاڵ لابووە، لەگەڵ بڕێک دراوی ساختەی عێراقی لە جۆری دەهەزار دیناری.