ڕۆژی ئاڵای کوردستان

168

د. سامان سۆرانی
بەرزڕاگرتنی رۆژی ئاڵای کوردستان تەنیا بۆنەیەکی ڕووکەش نییە، بەڵکوو دووپاتکردنەوەی شانازیمانە بە ناسنامەی نەتەوەییمان و دانپێدانانە بە هێما مێژووییە قووڵەکەی.
١٧ی کانوونی دووەم، ئەو ڕۆژەی ئاڵای کوردستان هەڵدەکرێت، هەڵگری گرنگییەکی بێئەندازەیە، بەرجەستەکردنی بنەماکانی کوردستانیبوونە و ڕەنگدانەوەی شانازییەکی گەورەی مێژووی خەباتی گەلی کوردستانە. لەم ڕۆژەدا بەڵێنیی یەکڕیزی و یەکبوون نوێ دەکرێنەوە و گەلی کوردستان پابەندبوونی خۆیان بە نیشتمانپەروەری و سەربەخۆیی و هاوکاری دووپات دەکەنەوە.
ئەو ئاڵایەی ئەمڕۆ بە بەرزی دەشەکێتەوە زیاترە لە پارچە قوماشێکی ڕەنگاوڕەنگ. هێمای شانازی و شکۆمەندی و بەرجەستەکردنی ئەو مێژووەیە، کە گەلی کوردستان بە درێژایی سەدەکان بە خوێنی لاوانی نووسیویەتی.
هەڵکردنی ئەم ئاڵایە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوێکی مێژوویی بەرچاو لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ کە بۆ یەکەمجار لە شاری مەهاباد لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و بە ئامادەبوونی سەرکردە و باوکی نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانی هەڵکرا. لەو ڕۆژەوە ئاڵای کوردستان لە پاڵ سروودی ئەی ڕەقیبی دڵداری شاعیر بۆتە هێمای خۆڕاگری و خەبات و جێگای شانازییە بۆ هەموو کوردستانییەك لە سەرانسەری جیهان.
ئاڵای کوردستان لە سێ ڕەنگی سەرەکی پێکهاتووە: سوور، کە هێمای ئەو قوربانییە مەزنانەیە کە گەلی کوردستان لە خەباتی بەردەوامی بۆ ئازادی و دادپەروەری داویە؛ سەوز، کە نوێنەرایەتی سروشتی جوانی کوردستان دەکات و ڕەنگدانەوەی هیوای خەڵکە بۆ ئایندەیەکی گەش و بەردەوام؛ سپی، کە هێمای ئاشتی و ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە. لە ناوەندی ئاڵاکەدا خۆرێکی زەرد دەدرەوشێتەوە، کە ٢١ تیشکی هەیە، کە هێمای ئەو ئایینە کۆنانەیە کە گەلی کوردستان پەیڕەویان کردووە و وێنەیەکی ئەرێنی هەمەجۆریی کولتووری و ئایینییە.
ئەم ئاڵایە کە ئەمڕۆ لە سەرانسەری کوردستان و لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا هەڵدەکرێت، مێژوویەکی دوور و درێژی خەبات و قوربانیدانیشی لە ناخیدا هەڵگرتووە، سیمبولی بەرخۆدانی پێشمەرگەیە دژ بە تیرۆر و داگیرکەران. ئاڵای کوردستان بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە داعش وەکوو نیشانەی یەکڕیزی و یەکگرتوویی کوردستانییان و هێمای وەستانەوە لە بەرانبەر ئالنگارییەکان خۆی نواند.
بێ گومان ڕۆڵی سەرۆك مەسعود بارزانی لە بەهێزکردنی پێگەی ئاڵای کوردستان یەکلاکەرەوە بووە.
لە ساڵی 2009 سەرۆك بارزانی بەڕەچاوکردنی بڕیاری پەرلەمان و پێشنیارەکانی حکومەت ڕۆژی 17ی کانونی یەکەمی هەموو ساڵێکی وەکوو ڕۆژێکی فەرمی بۆ بەرزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان ناساند.
ئەم هەنگاوه تەنها بڕیارێکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو پەیامێکی ڕوون بوو که بەهێزبوونی ناسنامەی نەتەوەیی و قووڵترکردنی هەستی سەڕبەخۆبوون لای هەموو تاكیکی کوردستانی کورد دووپات کردەوە . جگە لەوەش، سەرۆك بارزانی پابەندی خۆی بۆ ئەوە دەربڕی، کە ئاڵای کوردستان وەکوو سیمبولی یەکڕیزیی نەتەوەیی بمێنێتەوە، دوور لە هەر هەوڵێك بۆ دابەشبوون و پەرتەوازەیی لە ڕووی ئایدیۆلۆژیاوە، تاکوو ئاڵای کوردستان وەکوو هێمایەکی کۆمکار بۆ یەکگرتوویی لای هەموو چین و توێژەکانی گەلی کوردستان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی کوردستان بەرز ڕابگیرێت.
لە کۆتاییدا دەڵێین ڕۆژی ئاڵای کوردستان وەکوو بۆنەیەکی گرنگ لە هزری کوردستانییان دەمێنێتەوە، کە یەکڕیزیی گەلی کوردستان و سەرجەم دامودەزگاکانی نیشان دەدات.
ڕۆژی شانازیکردنە بەو ناسنامە نەتەوەییەی، کە نەیاران ناتوانن لە داهاتوودا بیسڕنەوە، ئەو ئاڵایەی، کە لە ئاسماندا دەشەکێتەوە، بە بەرزیی دەمێنێتەوە، هێمای شکۆمەندی و قوربانیدان و یەکگرتوویی نەتەوەییە، لەژێر هیچ دۆخێك خۆی ناچەمێنێ.