سهرهتا وتار چەمچەماڵ.. ئاوێنەیەک بۆ ڕەنگدانەوەی ڕۆحی یەکڕیزی و بەهاناوەچوونی نیشتمانی
فرسەت سەید شکور
ڕووداوە سروشتی و دڵتەزێنەکەی ڕۆژانی ڕابردووی قەزای چەمچەماڵ، هەرچەندە بووە هۆی زیانی گیانی و ماددی بۆ بەشێک لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی ئەو شارە و برینێکی قوڵی خستە سەر جەستەی شارێک کە هەمیشە وەک قەڵای قوربانیدان ناسراوە، بەڵام لە دیوێکی دیکەوە دیمەنێکی پڕ لە شکۆ و مەزنیی تۆمار کرد. ئەم کارەساتە سرووشتییە بووە مەحەکێک بۆ دەرکەوتنی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر، ئەویش بوونی گیانی باڵای تەبایی، یەکڕیزی و برایەتییە لە نێوان سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کورددا.
ئەوەی لەم ڕووداوەدا بووە جێگەی سەرنج و مایەی شانازی، ئەو شەپۆلە گەورەیە لە هاو سۆزی و بەهاناوەچوون بوو کە لە هەر چوار لاوە ڕووی لە چەمچەماڵ کرد. ئەم کارەساتە سەلماندی کە کورد وەک جەستەیەکی یەک وایە؛ کاتێک بەشێکی ئازاری پێ دەگات، تەواوی جەستەکە بە ئاگا دێت و هەست بەو ئازارە دەکات. ئەو هەڵمەتە خۆرسکانەی هاووڵاتیان و کاسبکاران و خەڵکی دڵسۆز بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و یارمەتی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە هاوکاری و دەستی بەخشندەیی خەڵک، باشترین دەرمانە بۆ سارێژبوونی برینەکان. هەرچەندە زیانەکان بە ئازار بوون، بەڵام گەرموگوڕی خەڵک و هاتنە پێشەوەیان بۆ کەمکردنەوەی ئازاری برا و خوشکانیان، وایکرد کە لێقەوماوان هەست بە تەنیایی نەکەن و دڵنیابن کە پشتیوانییەکی مەعنەویی گەورەیان لەپشتە.
لەم چوارچێوەیەدا، نابێت ڕۆڵی تەواوکەری دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکان لەبیر بکرێت کە بوونە پردێک بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە نیشتمانییە. هاتنە سەرخەتی خێرای حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، شانبەشانی ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی وەک “دەزگای خێرخوازیی بارزانی”، “کوردستان فاوندەیشن” و “دەزگای ڕوانگە”، ڕەنگدانەوەی ئەو هەستە بەرپرسیارێتییە بوو.
ئەم ڕێکخراوانە بە شێوەیەکی مەیدانی و دڵسۆزانە توانییان بەشێک لەو ئەرکە نیشتمانییە لە ئەستۆ بگرن و هاوکارییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو بگەیەننە دەستی زیانلێکەوتووان. ئەم هاوئاهەنگیی نێوان خەڵک و ڕێکخراوەکان و حکوومەت، وێنەیەکی جوانی لە کاری پێکەوەیی و تەبایی کۆمەڵایەتی نیشاندا.
چەمچەماڵ، وەک پایتەختی شەهیدان و ئەنفال وەک شارێک کە شادەماری ئابووری و وزەی کوردستانە، هەمیشە سەرمەشق بووە لە بەخشین بۆ نیشتمان.
لەم کارەساتەشدا، نیشتمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە وەڵامی ئەو وەفایەی دایەوە. ئەو هاوکارییە بەرفراوانەی بینیمان، پەیامێک بوو بۆ هەموو لایەک کە هیچ هێزێک و هیچ کارەساتێک ناتوانێت شیرازەی کۆمەڵایەتی کورد تێک بدات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، لە تەنگانەدا ئەم پەیوەندییە بەهێزتر و تۆکمەتر دەبێت.
لە کۆتاییدا، دەکرێت بڵێین ئەم ڕووداوە سەرەڕای تاڵییەکەی، وانەیەکی گرنگی فێرکردین: ئەویش ئەوەیە کە گەورەترین سەرمایەی ئێمە نەوت و وزە نییە، بەڵکو ئەو ڕۆحە زیندووەی هاوکاری و برایەتییە کە لە ناخی تاک بە تاکی ئەم نیشتمانەدا بوونی هەیە. هەرچەندە گرنگە بۆ داهاتوو سوود لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی وەک شاری هەولێر وەربگیرێت بۆ بەهێزکردنی ژێرخان و خۆپاراستن لە لافاو، بەڵام ئەوەی دڵمان خۆش دەکات و ئومێدمان پێ دەبەخشێت، ئەو یەکڕیزییەیە کە دەبێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی کەرامەت و ژیانی هاووڵاتیان لە هەر دۆخێکی نەخوازراودا.