فازڵ میرانی
هەندێک کۆمپانیا هەن دەبن بە دەوڵەت، هەندێک دەوڵەتیش هەن دەگۆڕێن و دەبن بە کۆمپانیا. ئەو کۆمپانیایەی كە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان پێشکەش دەکات، دەستبەرداربوونی زەحمەت دەبێت، ئەو كۆمپانیایە خۆی لە خۆیدا دەوڵەتێکە، تەنانەت ڕەنگە بەردەوامتر و بەهێزتریش بێت، ئەگەر مانەوەكەی پەیوەست بێت بە جۆری خزمەتگوزارییەکەیەوە، کە جگە لە خۆی کەسی تر نەتوانێت ئەو خزمەتگوزارییە پێشکەش بکات.
هەروەها ڕەنگە هەندێك دەوڵەتیش لەسەر بنەمای کۆمپانیاکان دامەزرابن، ئەمەش گۆڕەپانی کارکردنە، کە پێویستی بە یاسادانان و مامەڵەی یاسایی نیشتیمانیی و ئاسانکاریی دەرەکی هەیە، ئەم مەسەلەیەش ڕاستەوخۆ دەچێتە نێو ناوڕۆكی ئاراستەی سیاسی، سیاسەتێک کە ئابووری دروستی دەکات.
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نموونەیی نین، نە لەسەر بنەمای ڕەوشتبەرزیی و ئەخلاقییەتی باو دامەزراون و نە لەسەر بەخشندەیی و مرۆڤدۆستیش. تەرازووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، تەرازووی بەرژەوەندییەكی ڕەهایە، هەرچەندە بە پڕوپاگەندەیەكی نەرم و ناسكیش دابپۆشرێن و خۆیان بە خەمخۆر و پەرۆش نیشان بدەن، چونكە وڵاتە زلهێزەکان، جگە لەوەی قەیرانەکان بەڕێوە دەبەن و چارەسەریشیان ناکەن، بەڵكوو بەردەوامییان پێدەدەن، لەبەر ئەوەی ئاراستەی قەیرانەكان پێگەی ئابووریی ئەوان بەهێز دەکات، ئەو پێگەیەی لەسەر پلانێک داڕێژراوە، کە هیچ دەرفەتێك بۆ ڕێکەوت ناهێڵێتەوە.
ئەوان هەر لەو کاتەوەی چەمکی دەوڵەتیان پەرە پێداوە، پەیڕەوی سیستەمێك دەکەن بۆ پاراستنی ئەو ڕەگەزانەی کە پێگەكەیان بەهێز دەکات، ئەمەش بە ستراتیژییەتێكی جۆراوجۆر، کە زۆربەی لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە، هەروەها بازاڕیان کردووە بە تەرازووی هێزێک، کە خاوەنی چەندین پێشکەوتنی جیاوازە و هەر خۆیشیان بەرهەمی دەهێنن یان پشکیان لە بەرهەمهێنانیدا هەیە، ئەم هاوکێشەیەش بنەمای ململانێکە و جۆر و ئاراستەکانی دیاری دەکات، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە بڕیارە سیاسییەکانیان دادەڕێژن.
دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی کە هەردوو بیرۆکە، (دەوڵەتی کۆمپانیا و کۆمپانیای دەوڵەت)، بوونیان هەیە، بەڵام هەردووكیان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەكان و پێشكەشكراوەكان و ئامانجی ورد و داڕێژراو سەریانهەڵداوە، هەندێك لەو دەوڵەتانەی کە زۆربەی ئابوورییەکەیان لەسەر کۆمپانیاکان بنیادناوە، توانیویانە ناسنامەی نیشتمانی و ڕەگوڕیشەی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن، بەڵام ئەو کۆمپانیایانەی کە وەک دەوڵەت وان، بە دوای بازاڕ و کڕیارەکانیاندا دەگەڕێن، کاڵا دابین دەکەن و بەهاكەی وەردەگرن، ئینجا یان لە ڕێگەی بێلایەنیی کارە بازرگانی و خزمەتگوزارییەکانیانەوە پارێزراون، یان لە لایەن هێزێكی نێودەوڵەتییەوە دەپارێزرێن، کە بەرژەوەندیی هاوبەشیان پێکەوە هەیە.
قسەکانم ئاراستەی ئەو کەسانەیە کە وێنەی دەوڵەتە ناچالاك و و سست و خەوتووەكان گەورە دەکەن، ئەو دەوڵەتانەی کە سەربەخۆیی خۆیان بەهۆی هزر و بڕیار و كرداری سەرکردەکانیانەوە لەدەست دەدەن، دەربارەی چەمکی دەوڵەت بخوێننەوە و لەگەڵ واقیعەكە گرێی بدەن، ئینجا ئەگەر ویستتان دەوڵەت هەڵبستێتەوە و پێش بکەوێت، کار بکەن، كار بكەن زیاتر لەوەی ڕایدەگەیەنن و لێدوانی لەبارەوە دەدەن.
بهرپرسی دهستهی كارگێڕیی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن