خەبات: ساسان دەروێش:- بە ئامادەبوونی ڕێزدار شیفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی كوردستانی، كۆنگرەی یەكەمی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بە دروشمی ( یەك دەنگ و یەك خەبات لەپێناو ئازادی و یه‌كسانی)، لە شاری دوسڵدۆرفی ئەلمانیا بە ئامانجی بنیادنانی بناغەیەكی پتەو بۆ كارو چالاكی ئایندەی فێدراسیۆنی ژنان لەسەرتاسەری جیهان، بە بەشداری 80 ئەندامی كۆنگرە، ئەنجام درا.

كۆنگرە بە چەند ساتێك وەستان لەگەڵ مارشی نەتەوەیی ئەی رەقیب بۆ رێزگرتن لە رۆحی سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەستیپێكرد. وتاری كردنەوەی كۆنگرە لەلایەن سەرۆكی فێدراسیۆن (شیرین زەكی)ەوە خوێندرایەوە. پاشان شیفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی, كوردستانی،گوتارێکی پێشکەش کرد تیایدا گوتی: سەرەتا ڕێگەم بدەن سڵاو پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی ڕێبەر و پارێزەری کوردستان بگەیەنمە ئامادەبووانی کۆنگرەکە و ڕاگەیاندن : ئەمەی دەیبینن بەرهەم و دیدی سەرۆک بارزانییە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتان و پشتگیریکردنیان و بەوپێشچوونیان ولە کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆندا پارساڵ لە بەرلین بەڕێوەچوو سەرۆک بارزانی جەختی لە زیادبوونی ڕێژەی ئافرەتان کرد لە کۆنفیدراسیۆنەکاندا، ئەوەتا ئەمڕۆ بەبەشداری ئافرەتانی هەرچوارپارچەی کوردستان لە فیدراسیۆنی خۆیان کۆنگرە بەڕێوە دەبەن ، ئاڵاو خاک و زمان سیمبولی ئێمەیە و ئێوەش یەک دەنگی کوردی و ئافرەتان دوور لە ئایدۆلۆژیاو حزبایەتی پەرەبەکاری خۆتان بدەن و هەوڵ بدەن پشتیوانی دۆزی ڕەوای میللەتی خۆتان بن.

لە دوایشدا ئەم وتارانە پێشكەش كران:
– د.ئیسماعیل كامل، سەرۆكی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی گوتارێکی پێشکەش کرد.
– بەڕێز ئامینە زكری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد.
-گوتاری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن خاتوو شەهێن زادئەحمەد پێشکەش کرا.
– فەریبا محەمەدی، جێگری سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد
– خاتوو ماریا فلۆگیر، پارێزەر و ڕاوێژكاری فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە تەوەرێکی دیکەدا فیلمێکی دۆكیومێنتاریی لەسەر خه‌باتی ئافرەتانی كوردستانی هەرچوارپارچەی کوردستان له‌نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا نمایشكرا. پاشان پێشكەشكردنی خەڵاتی (ژن و ئازادی) بوو بۆ چوار ئافرەتی كوردستانی، كه‌ هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان بوون. هه‌ریه‌ك له‌وانه‌ خاوه‌ن خه‌بات و توانا و لێهاتووی تایبه‌تن كه‌ توانیویانه‌ خزمه‌ت به‌ ئافرەتی كورد بكه‌ن ئه‌وانیش به‌ڕێزان (بونیه‌ جگه‌رخوێن، پ.د. چنوور قادری، گوڵاڵه‌ شه‌ره‌فكه‌ندی و نه‌جلا چەملیبێل)بوون. هه‌روه‌ها ڕێزلێنان پێشكه‌شی ده‌سته‌ی ڕاوێژكاری و چه‌ند به‌ڕێزێكی دیكه‌ كرا كه‌ هاوكاری كاره‌كانی فێدراسیۆن بوون له‌ڕابردوودا. كۆتا بڕگه‌ی کۆنگرەکە پێشكه‌شكردنی چه‌ند گۆرانی و میوزیکی ڕەسەنی كوردی بوو.

لەمبارەیەشەوە شیرین زەکی، سەرۆکی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بۆ خەبات گوتی: پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە كۆتایی بەكارەكانی ڕاگەیاند و لیژنەی بەرێوەبردنی كۆنگرە پێكهێنراو سه‌رجه‌م لیژنه‌كانی دیكه‌ كاره‌كانی خۆیان به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌برد. پاشان ستافی داهاتوو‌ی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی هه‌ڵبژێردران. بەم جۆرەی خوارەوەیە: شیرین زەکی ،شەهێن زاد ئەحمەد، دەریا قادر خۆشناو،ناسك سەعید، هێڤا حسێن، خوناڤ حاجۆ،کارینا ڕەشیدۆڤا وەزیر، نەجلا چاملێبێلە، ئارێز محەمەدی، ئێمە گرنگیمان داوە بە سەرجەم پێكهاتەو بیروبۆچوونە جیاوازەكان،چونكە ئەم فێدراسیۆنە بۆ خزمەتی ژنانی كوردستانییە بەبێ جیاوازی، هەروەك لەپێكهاتەی دەستەكە ڕەنگیداوەتەوە، هەروەها شیرین زەکی ڕاشیگەیاند: وه‌فا و ڕێز بۆ پاڵپشتی و هه‌ماهه‌نگی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ دووپات كرایه‌وه‌ كه‌ پشتگیری سه‌ركه‌وتنی به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی فێدراسیۆن بوون و هاوكات ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن به‌ڵێنی خزمه‌ت كردنیان به‌ ژنانی كوردستانی دا، هەروەها ژمارەیەك لە كۆمیتەی گشتی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و نوێنەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و چەندین كەسایەتی سیاسی و حكوومی و حزبی هەر چوار پارچە ئامادەبوون.ئێمە زۆر سوپاسی هەموو لایەك دەكەین كە تەشریفیان هێناو ئەركیان كێشا لەڕێگەی دوورەوە هاتن و بەشداری كۆنگرەكەیان كردین.ئەم كۆنگرەیە دەستكەوتێكی مەزن بوو بۆ خەباتی ژنانی كوردستانی.ئەركی ئێمەش خزمەتكردنە بە پرسی نیشتمان و ژنان،هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین بۆ پاڵپشتی و پشتگیریكردنی ئەو دوو پرسە گرنگە. لە کۆتایشدا شیرین زەکی سەرۆکی هەڵبژێردراوی یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستان سەبارەت بەکاری داهاتوویان گوتی: ئامانج لەم كۆنگرەیە: یەکخستنی دەنگ: کۆنگرەکە سەکۆیەکی دروست کرد بۆ کۆکردنەوەی ژنانی کورد بە بیر و بۆچوونی جیاوازەوە لە سەرانسەری جیهان. ئەم یەکگرتنە،دەنگی ژنان بەهێزتر و کاریگەرتر دەکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

هەروەها پاڵپشتی دۆزی نەتەوەیی: ژنانی دیاسپۆرا دەتوانن بەشێوەیەکی چالاکانە لە پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلەکەیاندا کار بکەن، لەڕێگەی لۆبی کردن، دیپلۆماسی جەماوەری، یان بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری.بەهێزکردنی ژنان و مافەکانیان: کۆنگرەکە دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ تاووتوێکردنی کێشەکانی ژنان لە دیاسپۆرا (وەک تێکەڵبوون، هەڕەشەی توندوتیژی، و کێشەی کۆمەڵایەتی) و داڕشتنی میکانیزمی هاوکاری و پاڵپشتی بۆ دابینکردنی مافەکانیان و بەشدارییان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. پاشان پەیوەندی لەگەڵ نیشتمان: ئەم فیدراسیۆنە دەتوانێت ببێتە پردێکی گرنگ بۆ بەستنەوەی ژنانی دیاسپۆرا بە ڕێکخراوەکانی ناوخۆی کوردستان، بەمەش ئەزموون و تواناکانی دیاسپۆرا دەگوێزرێتەوە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی باشتر لە نیشتماندا.لە کۆتاییدا، ئەم کۆنگرەیە نیشانەیەکە لە پێگەیشتن و خۆڕێکخستنی ژنانی کورد و دڵنیایی دەدات کە ڕۆڵی ژنان بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی نەتەوەیی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا.