موحسین خالیدی (کاکەلاو)
پێشەکی: پێویستی تێڕوانینێکی شیکارانە بۆ ڕۆڵی هەرێم لە پرسێکی ئاڵۆزدا
ململانێی نێوان حکوومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، یەکێکە لە درێژترین و گرانترین قەیرانەکانی ئاسایشی هەرێم لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا ئێستا. ئاکامە ڕاستەوخۆکانی ئەم ململانێیە لەسەر هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری ئاسایشی سنوور، ئابووری، رێگاکانی وزە و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیدا، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە داڕشتنی ڕێبازێکی بەڕێوەبردن لە هەولێر هەبووە.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرکردایەتی پارتی و سەرۆک بارزانی لە پێش هەمووانەوە، ڕۆڵی ناوبژیوانیی سەرەکیان لە کێشەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گێڕاوە کە وەک نموونەیەکی دەگمەنی ناوبژیوانیی چالاک و باوەڕپێکراو دەردەکەوێت.
بۆچی هەرێمی کوردستان بووەتە تەوەری هەوڵەکانی ئاشتی؟
لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان توانیویەتی خۆی لەباکگراوندی ئاژاوەی هەرێمییەوە بگۆڕێت بۆ مۆدێلێکی سەقامگیریی ڕێژەیی. هەر ئەم سەقامگیرییە هەرێمی کردووەتە ئەکتەرێکی جیاواز، بەتایبەتی لە:
* پێگەی جیۆپۆلەتیک و سنوورە هەستیارەکان
هەرێمی کوردستان لە عێراق، دەکەوێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی سێ جوگرافیای دیکەی کوردی لە تورکیا، ئێران و سووریا . هەر زیادبوونێک لە گرژییەکانی نێوان تورکیا و PKK ڕاستەوخۆ لەو ناوچانە کاریگەریی هەبووە و دەبێت. ئەم واقیعە هەرێم ناچار دەکات ڕۆڵێکی کارا و بەرپرسانە لەبەڕێوەبردنی هەر چەشنە قەیرانێک بگێڕێت کە داوێنی کورد دەگرێتەوە.
* پەیوەندییەکانی ئابووری و وزە لەگەڵ تورکیا
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، تورکیا بووە بە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی هەرێم و ڕێگایەکی گرنگ بۆ هەناردەکردنی نەوت. هەر گرژییەکی ئەمنی هەڕەشە لەو ڕێگایانە دەکات، بۆیە سەقامگیریی سیاسی لەسەر سنوورەکان بووەتە پێویستییەکی ستراتیژی.
* متمانەی لایەنەکان به هەولێر
بەهۆی پەیوەندییە فەرمی و شەفافەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا، تورکیا، هەولێر بە “خاوەن هەڵوێستێکی بێلایەن بەڵام کاریگەر” دادەنێت و لەئێستاشدا، PKK بەهۆی پێگەی مێژوویی و کاریزماتیکی سەرۆک بارزانی لەنێو بزووتنەوەی کوردییدا، هەمان بۆچوونی هەیە. ئەم تێکەڵە بێهاوتایە هەرێمی خستووەتە پێگەیەکەوە کە هیچ ئەکتەرێکی دیکەی ناوچەکە بەدەستی نەهێناوە.
* سەرۆک بارزانی سەرکردەیەکی متمانەپێکراوی هەردوو لایەنی قەیرانەکە
هیچ شیکردنەوەیەک بۆ ڕۆڵی هەرێم لەپرۆسەی ئاشتیدا، بە بێ ئاماژەکردن بە کەسایەتی و قورسایی سیاسیی سەرۆک بارزانی تەواو نییە. ئەوانە و چەند تایبەتمەندییەکی تەواوکاری دیکە، وایان کردووە کە بەڕێزیان ڕۆڵی “تەوەری سەرەکی” لەم پرۆسەیەدا بگێڕێت.
* باکگراوندی مێژوویی و شەرعییەتی نەتەوەیی سەرۆک بارزانی :
سەرۆک بارزانی نەک تەنها سەرۆکی پارتێکی سیاسی، بەڵکو یەکێکە لە کەسایەتییە دامەزرێنەرەکانی سیستەمی نوێ لە ناوچەکەدا. پێگەی ڕەمزی و کاریزماتیکی بەڕێزیان لەنێو کورددا، وای کردووە کە دەسەڵاتێکی بێلایەنی سیاسی هەبێت. دەسەڵاتێک کە هەڵگری خەمی کورد و پاراستنی ئاشتییە.
* توانای دیالۆگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان:
ژمارەیەکی کەم لە سەرکردەکانی هەرێم توانای ئەوەیان هەیە لەگەڵ ئەنقەرە لە بەرزترین ئاستەکانی حکومەت و هاوکات لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کوردی، لەوانە PKK گفتوگۆ بکات. ئەم توانای پەیوەندییە فرەلایەنەی سەرۆک بارزانی، کلیلی دروستکردنی متمانە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دانوستانەکاندا بوو.
* هەڵوێستی بەردەوامی سەرۆک بارزانی بۆ مەسەلەی کورد:
سەرۆک بارزانی هەمیشە ڕایگەیاندووە کە کێشەی کورد لە هەر جوگرافیایەکدا بێت، چارەسەری سیاسی هەیە. ئەم تێڕوانینە کە بەردەوام جەختی لەسەر دیالۆگ و ناوبژیوانی و هێورکردنەوەی گرژییەکان کردووە، هەرێمی کوردستانی لە چوونە ناو ململانێی سەربازی دوورخستووەتەوە.
* کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان لە هەرێمدا:
هەرێم لە سێ دەیەی ڕابردوودا بەهۆی کۆچکردنی گوندنشینان، ئۆپەراسیۆنەکانی سنووریی تورکیا، چالاکییە سەربازییەکانی PKK و بوونی کەمپی مەدەنی کوردەکانی تورکیا، بەردەوام لەژێر گوشاردا بووە. ڕێوشوێنەکانی سەرکردایەتی پارتی بە ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی، وایکرد کە مانگەکانی ڕابردوو بە سنووردارکردنی گرژییەکان و دوورکەوتنەوە لە شەڕ، هەرێم سەلامەتترین ماوەی سنووریی خۆی لە چەندین ساڵی ڕابردوودا ئەزموون بکات.
* داڕشتنی گوتاری ئاشتی
هەرێمی کوردستان هەوڵی دا دەنگی چارەسەری سیاسی لە نێو ژاوەژاوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بە زیندوویی بهێڵێتەوە. هەڵوێستی فەرمی پارتی و سەرۆک بارزانی هەمیشە ئەوە بووە کە بەردەوامبوونی شەڕ لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە.
* کاریگەریی ناوبژیوانی لەسەر سەقامگیریی هەرێم:
هەوڵەکانی ناوبژیوانی سەرۆک بارزانی دەرئەنجامی گرنگی هەبوو، لەوانە:
– هێورکردنەوەی سنوورەکان: لەو ماوەیەی کە پرۆسەی ئاشتی بەرەو پێش دەچوو، سنوورەکانی ناوچەکە نزمترین ئاستی ململانێیان بەخۆوە بینی. پرۆژەکانی بازرگانی، گەشتوگوزار و وزە بەبێ پچڕان بەردەوام بوون.
– بەرزکردنەوەی پێگەی هەرێم لە دیپلۆماسیی هەرێمایەتیدا: پێگەی هەرێمی کوردستان لە “ئەکتەرێکی ناوخۆیی” بەرزکرایەوە بۆ “ناوبژیوانێکی ناوچەیی باوەڕپێکراو”. ڕۆڵێک کە تا ئەمڕۆش بە ڕوونی لە شیکردنەوەی سیاسەتی هەرێمیدا ئاماژەی پێکراوە.
– بەهێزکردنی وێنەی هەرێم وەک هێزێکی ئاشتیخواز: ئەم ڕۆڵە بۆ سەلماندنی هەرێمی کوردستان وەک “هێزێکی بنیاتنەر و بەرپرس” لە قەیرانە هەرێمییەکاندا یارمەتیدەر بوو، بە پێچەوانەی زۆرێک لە ئەکتەرەکانی دیکە، کە تەنها ڕێبازێکی ئەمنی یان سەربازییان گرتەبەر.
*سیناریۆی ئایندە.. گەڕانەوەی پرۆسەی ئاشتی و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان
ئەگەر لە داهاتوودا دیالۆگی نێوان تورکیا و PKK چالاک بێتەوە، ئەزموونی ڕابردوو دانی بەو ڕاستییەدا ناوە کە هێزی سیاسیی هەرێم، پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ تورکیا و پێگەی مێژوویی سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی یەکلاکەرەوە دەبن.
*بۆچی هەرێم جارێکی دیکە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت؟
چونکە هیچ ئەکتەرێکی دیکە لەناوچەکە، بێجگە لە پارتی و بارزانی، ناتوانن لە یەککاتدا، متمانە و ڕێزی لایەنی کوردی و تورکیا پێکەوە بەدەستبێنن. ئەوەش لە کاتێکدا، هەموو لایەنەکان لە شەڕی بەردەوام گه یشتوونەته بنبەست و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی سیاسی بە باشترین چارەسەر دەزانن.
ئەنجام: ڕۆڵێکی مێژوویی و بەردەوام
هەوڵەکانی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی و پارتی لە پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و PKK، نموونەی ناوبژیوانییەکی بەرپرسیارانە و هاوسەنگ و پراگماتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەزموونێک کە نەک هەر ئاسایشی هەرێمی کوردستانی بەهێز کرد، بەڵکو سەلماندی کە پارتی بە ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی وەک ئاوێنەی باڵانوێنی هەرێمی کوردستان، توانای گێڕانی ڕۆڵێکی بنیاتنەر و کاریگەری لە نێو قەیرانە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەدا هەیە.
ئەگەر ئایندەیەک بۆ دیالۆگی سیاسی له نێوان هه ردوولادا هەبێت، بێگومان له ڕێگەی هەولێر و سەرۆک بارزانی-یەوە تێدەپەڕێت