لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە سێکتەری ئەمنیدا، وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستەی ڕاوێژکارانی سەربازیی یەکێتیی ئەوروپا، خولی “سەرکردەی پۆلیسی نیشتمانی”ی کردەوە.
لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کردنەوەی خولی سەرکردایەتی بەشێکە لە پڕۆژەی ڕیفۆرمی گشتی و دەستپێکی دامەزراندنی سیستەمی “پۆلیسی نیشتمانی”یە لە کوردستان. ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم پڕۆژەیە بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا ئەنجام دەدرێت و ماوەی پێنج ساڵ دەخایەنێت، کە تێیدا ئەکادیمیای نیشتمانی دادەمەزرێنرێت.
لای خۆیەوە هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری پۆلیس و هاتوچۆدا و ڕایگەیاند: “بەهۆی گرتنەبەری ڕێکارە نوێیەکان، ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە ڕێژەی ٦٠٪ کەمبوونەتەوە و سیستەمی مۆڵەت و تابلۆ و ساڵیانە هاوتەریبی وڵاتانی جیهان کراوە، هەروەها ماوەی ڕایی کردنی مامەڵەی هاووڵاتیان بۆ کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر کەمکراوەتەوە”.
سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان، هێمن میرانی ئاشکرای کرد، بە تێچووی چوار ملیۆن دۆلار هەزاران کامێرا بۆ چاودێریکردنی ئاسایش دانراون، کە ڕۆڵیان هەبووە لە کەمکردنەوەی تاواندا.بەڕێوەبەری گشتیی دیوان ئاماری دەستگیرکردنی تاوانبارانیشی خستە ڕوو و گوتی: “لە ماوەی سێ ساڵدا ٤٧٠٠ تاوانبار دەستگیرکراون، کە تەنها لەمساڵدا ٢٣٠٠ تاوانبار بەهۆی ئەم کامێرایانەوە دەستگیرکراون”.