لەپێناو پاڵپشتیكردنی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی سنووری چەمچەماڵ بەگشتی و دابینكردنی دەرمان و چارەسەریی پزیشكی بۆ نەخۆشانی ئەو سنوورە بەتایبەت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، بڕی 25 تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشكی بە بەهای 270 هەزار دۆلار گەیێنرایە چەمچەماڵ.
بە ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕێكی زۆری دەرمان و پێداویستی پزیشكی و تاقیگەیی و نەشتەرگەی و نەخۆشیە درێژخایەنەكان، ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی چەمچەماڵ و نەخۆشخانەی گشتیی ئەو شارۆچكەیە كرا، كە بە ڕاسپاردەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دابین كرابوو.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، 65 بابەتی جیاوازی دەرمانی هەستیاری نەخۆشییە درێژخایەنەكان و دەرمانی نەشتەرگەری و فریاكەوتن و پێداویستی تاقیگەیی بە قەبارەی 25 تۆن ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی چەمچەماڵ و نەخۆشخانەی گشتیی ئەو قەزایە كرا.
وەزیری تەندروستی ڕوونیشی كردەوە، بەهای سەرجەم دەرمان و كەرەستە پزیشكییەكان بۆ نەشتەرگەری و پێداویستییەكانی تاقیگە بە 270 هەزار دۆلار (27 دەفتەر دۆلار) دەخەمڵێندرێت.